Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 95

95 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
    هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
    بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.

چونکە یەزدان خودایەکی گەورەیە،
    پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
    لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
    بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.

وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
    لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
چونکە ئەو خودامانە و
    ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
    مەڕی دەستی ئەوین.

ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
    وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[a] لە بیابان،
لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
    هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
    بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
    فەرمووم: «ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
    ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
    «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»

میخا 7:8-20

ئیسرائیل هەڵدەستێتەوە

ئەی دوژمنەکەم، بە نسکۆی من دڵخۆش نەبیت!
    چونکە ئەگەر بکەوم، هەڵدەستمەوە،
ئەگەر لە تاریکیدا دانیشم،
    یەزدان ڕووناکییە بۆم.
لەبەر ئەوەی لە دژی ئەو گوناهم کرد،
    بەرگەی تووڕەیی یەزدان دەگرم،
تاوەکو بەرگری لە داواکەم دەکات و
    مافی من دێتە دی.
دەمهێنێتە دەرەوە بۆ ناو ڕووناکی،
    ڕاستودروستی ئەو دەبینم.
10 ئینجا دوژمنەکەم تەماشا دەکات و
    شەرمەزاری دایدەپۆشێت،
ئەوەی پێی دەگوتم:
    «کوا یەزدانی پەروەردگارت؟»
چاوەکانم تەماشای کەوتنی دەکەن،
    تەنانەت ئێستاش دەشێلرێت
    وەک قوڕی شەقامەکان.

11 ڕۆژی بنیادنانی دیوارەکانت دێت،
    ڕۆژی فراوانکردنی سنوورەکانت.
12 لەو ڕۆژەدا خەڵک دێنە لات،
    لەلای ئاشور و لە شارەکانی میسرەوە،
تەنانەت لە میسرەوە هەتا فورات
    لە دەریاوە بۆ دەریا و
    لە چیاوە بۆ چیا.
13 زەوی لەبەر دانیشتووانەکەی وێران دەبێت،
    بەهۆی کردەوەکانیان.

نوێژ و ستایشکردن

14 بە گۆچانەکەت شوانایەتی گەلەکەت بکات،
    مێگەلی میراتەکەت،
ئەوەی بە تەنها لە دارستان نیشتەجێیە
    لەناوەڕاستی ڕەزەکان.
با لە باشان و گلعاد بلەوەڕێن
    وەک ڕۆژگاری کۆن.

15 «وەک ڕۆژانی هاتنەدەرەوەت لە خاکی میسر،
    کاری سەرسوڕهێنەریان نیشان دەدەم.»

16 نەتەوەکان تەماشا دەکەن و شەرمەزار دەبن،
    سەرباری هەموو پاڵەوانییەتییەکەیان.
دەست دەخەنە سەر دەمیان
    گوێیان کەڕ دەبێت.
17 وەک مار خۆڵ دەلێسنەوە،
    وەک خشۆکەکانی زەوی.
بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە،
    بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان دێن و دەتۆقن،
    لە تۆ دەترسن.
18 کێ خودایەکی وەک تۆیە،
    کە لە تاوان دەبوورێت و
    لە یاخیبوونی پاشماوەی گەلەکەت خۆشدەبێت؟
هەتاسەر تووڕەیی خۆت هەڵناگریت
    چونکە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دڵخۆشیت.
19 دەگەڕێیتەوە و بەزەییت پێماندا دێتەوە،
    تاوانەکانمان دەخەیتە ژێر پێتەوە و
    هەموو گوناهەکانمان فڕێیدەدەیتە ناو قووڵایی دەریا.
20 دڵسۆزی بۆ یاقوب پیشان دەدەیت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئیبراهیم،
ئەوەی سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد
    هەروەک ڕۆژگاری کۆن.

مەرقۆس 14:26-31

26 ئینجا گۆرانی ڕۆحییان[a] گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.

نکۆڵیکردنی پەترۆس

27 عیسا پێی فەرموون: «هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە:

«[لە شوانەکە دەدەم،
    مەڕەکان پەرت دەبن.][b]

28 بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»

29 پەترۆس پێی گوت: «ئەگەر هەموو پشتت لێ بکەن، من پشتت لێ ناکەم.»

30 عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.»

31 بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.