Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 95

95 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
    هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
    بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.

چونکە یەزدان خودایەکی گەورەیە،
    پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
    لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
    بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.

وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
    لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
چونکە ئەو خودامانە و
    ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
    مەڕی دەستی ئەوین.

ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
    وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[a] لە بیابان،
لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
    هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
    بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
    فەرمووم: «ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
    ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
    «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»

یەکەم پوختەی مێژوو 11:1-9

بەپاشابوونی داود لە ئیسرائیل

11 هەموو ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین. لە ڕابردوودا و تەنانەت کاتێک کە شاولیش پاشامان بوو، تۆ هەر ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانی خوداشت پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»

هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودیش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، ئەوانیش بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی ساموئێلەوە فەرمووبووی، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.

داود ئۆرشەلیم داگیر دەکات

داود و هەموو ئیسرائیل چوونە ئۆرشەلیم، یەبوسە[a] و یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکەش بە داودیان گوت: «تۆ ناتوانێت بێیت بۆ ئێرە.» بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.

داود پێشتر گوتبووی: «ئەوەی یەکەم جار لە یەبوسییەکان بدات دەبێتە فەرماندەی گشتی سوپا.» یۆئابی کوڕی چەرویا یەکەم جار سەرکەوت و بووە سەرکردە.

پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، لەبەر ئەوە ناویان نا شاری داود. شارەکەی بە چواردەوریدا فراوان کرد، لە تەلانەکانەوە[b] هەتا شووراکەی چواردەوری. یۆئابیش پاشماوەی شارەکەی نۆژەن کردەوە. هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.

ئاشکراکردن 7:13-17

13 دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»

14 منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.»

پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. 15 بۆیە

«لەبەردەم تەختی خودان و
    شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و
دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت.
16 ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو،
    نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر.
17 چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانەتییان دەکات و
    بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات،
خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.