Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
150 هەلیلویا!
ستایشی خودا بکەن، لە پیرۆزگاکەی،
ستایشی بکەن، لە گەردوونی هێزی،
2 ستایشی بکەن، بۆ پاڵەوانیێتی،
ستایشی بکەن، بەپێی زۆری مەزنایەتی،
3 بە دەم دەنگی کەڕەناوە ستایشی بکەن،
بە دەم ساز و قیسارەوە ستایشی بکەن،
4 بە دەف و هەڵپەڕکێ ستایشی بکەن،
بە ئامێری ژێدار و شمشاڵ ستایشی بکەن،
5 بە سەنجی بیستراو ستایشی بکەن،
بە سەنجی دەنگ بەرز ستایشی بکەن!
6 با هەموو ئەوەی هەناسە دەدات ستایشی یەزدان بکات!
هەلیلویا.
گەڕاندنەوەی ئیسرائیل
30 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت، لە پەڕتووکێکدا بیاننووسە.“ 3 یەزدان دەفەرموێت: ”سەردەمێک دێت، ئیسرائیل و یەهودای گەلەکەم لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنمەوە، دەیانهێنمەوە ئەو خاکەی بە باوباپیرانی ئەوانم دابوو، بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی بکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4 ئەمانەش ئەو وشانەن کە یەزدان سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا فەرمووی: 5 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هاواری ترسمان بیست،
تۆقین نەک ئاشتی.
6 بپرسن و ببینن:
ئایا نێر سکی دەبێت؟
ئەی بۆچی هەر پیاوێک دەبینم
وەک ژنی ژانگرتوو دەستی بە کەمەرییەوەیە و
هەموو ڕووشی زەرد هەڵگەڕاوە؟
7 ئای! لەو ڕۆژە سامناکە!
ڕۆژی ئاوا نابێت.
ئەمە کاتی تەنگانەیە بۆ یاقوب،
بەڵام لێی ڕزگار دەبێت.“
8 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت،
”لەو ڕۆژەدا، ئەو نیرە دەشکێنم کە لە ملیانە،
پێبەندیان دەپسێنم و
چیتر بێگانە نایانکەن بە کۆیلە.
9 بەڵکو یەزدانی پەروەردگاریان دەپەرستن و
خزمەتی داودی پاشایان دەکەن، [a]
ئەوەی کە بۆیان دایدەنێم.“»
10 یەزدان دەفەرموێت: «”ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
11 من لەگەڵتدام و ڕزگارت دەکەم.“
یەزدان دەفەرموێت:
”ئەگەر کۆتایی بە هەموو ئەو نەتەوانە بهێنم
کە لەنێویاندا پەرتەوازەم کردیت،
کۆتایی بە تۆ ناهێنم.
تەمبێت دەکەم، بەڵام بە دادپەروەری،
بێ سزا بەڕەڵات ناکەم.“
10 ڕۆڵەی خودا و ڕۆڵەی ئیبلیس بەمە دەردەکەون: هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو نەکات لە خوداوە نییە، هەروەک ئەوەی خوشکی یان برای خۆی خۆشنەوێت، 11 چونکە ئەمە ئەم پەیامەیە کە لە سەرەتادا بیستتان، کە یەکترمان خۆشبوێ.
خۆشەویستی یەکتری
12 وەک قایین مەبن، کە سەر بە شەیتان بوو و هابیلی برای خۆی کوشت. بۆچی کوشتی؟ چونکە کارەکانی ئەو خراپ بوون و هی براکەی ڕاستودروست. 13 خوشکان، برایان، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە. 14 دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە. 15 هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی.
16 بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.