Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
135 هەلیلویا!
ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
2 ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون،
لە حەوشەی ماڵی خودامان.
3 ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە،
مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
4 چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و
ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.
5 من دەزانم یەزدان مەزنە،
پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
6 یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات،
لە ئاسمان و لەسەر زەوی،
لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
7 لە بنی دنیاوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە،
بروسکە بۆ باران دروستدەکات و
لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.
8 ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد،
لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
9 ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد،
لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
10 ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و
پاشا بە تواناکانی کوشت.
11 سیحۆنی[a] پاشای ئەمورییەکان و
عۆگی[b] پاشای باشان و
هەموو پاشاکانی کەنعان
12 خاکەکەیانی کردە میرات،
میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.
13 ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە،
ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
14 چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت،
میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.
15 بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون،
دەستکردی مرۆڤن.
16 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
17 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
هەناسە لە دەمیان نییە.
18 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
19 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن!
ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
20 ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن!
ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
21 ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن،
بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە.
هەلیلویا!
هەلیلویا!
گۆرانییەک بۆ ستایش
26 لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن:
شاری بەهێزمان هەیە،
خودا ڕزگاری دەکاتە
شوورا و سەنگەری.
2 دەروازەکان بکەنەوە
با نەتەوەی ڕاستودروست
پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.
3 تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو
بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت،
چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.
4 هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن،
چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.
5 ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە،
شاری بەرزیش نەوی دەکات،
دەیدات بە زەویدا،
تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ.
6 پێی هەژار،
هەنگاوی نەدار،
پێشێلی دەکات.
7 ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە،
ئەی ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت.
8 ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت
چاوەڕێی تۆ دەکەین،
بۆ ناوەکەت و بۆ یادکردنەوەتە
ئارەزووی گیان.
9 گیانەکەم بە شەو ئارەزووت دەکەم،
هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت،
چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین،
دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن.
10 بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت،
فێری ڕاستودروستی نابێت،
لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات،
شکۆی یەزدان نابینێت.
11 ئەی یەزدان بەرزی دەستت نابینن،
با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و
شەرمەزار بن،
با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات.
12 ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ،
چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە.
13 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
گەورەکانی دیکە، جیا لە تۆ بوون بە گەورەمان،
بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین.
14 مردوون، زیندوو نابنەوە!
تارمایین، هەڵناستنەوە،
لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن،
هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد.
15 بۆ نەتەوەت زیاد کرد ئەی یەزدان،
بۆ نەتەوەت زیاد کرد و
شکۆمەند بوویت،
هەموو سنوورەکانی خاکەکەت فراوان کرد.
زیندووبوونەوەی مردووان
18 سەدوقییەکان[a]، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد: 19 «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین[b]، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 20 حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. 21 دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا. 22 هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 23 لە هەستانەوەدا، ژنەکە بۆ کامیان دەبێت؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»
24 عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە هێزی خودا؟ 25 کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. 26 بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: [من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم]؟[c] 27 ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.