Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 135

135 هەلیلویا!

ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون،
    لە حەوشەی ماڵی خودامان.

ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە،
    مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و
    ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.

من دەزانم یەزدان مەزنە،
    پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات،
    لە ئاسمان و لەسەر زەوی،
    لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
لە بنی دنیاوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە،
    بروسکە بۆ باران دروستدەکات و
    لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.

ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد،
    لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد،
    لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
10 ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و
    پاشا بە تواناکانی کوشت.
11 سیحۆنی[a] پاشای ئەمورییەکان و
    عۆگی[b] پاشای باشان و
    هەموو پاشاکانی کەنعان
12 خاکەکەیانی کردە میرات،
    میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.

13 ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە،
    ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
14 چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت،
    میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.

15 بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون،
    دەستکردی مرۆڤن.
16 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
    چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
17 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
    هەناسە لە دەمیان نییە.
18 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
    هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

19 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
20 ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
21 ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن،
    بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە.

هەلیلویا!
هەلیلویا!

دانیال 6

دانیال لەناو چاڵی شێرەکان

داریوش پێی باش بوو سەد و بیست میر بەسەر پاشایەتییەکەوە دابنێت، بەسەر هەموو پاشایەتییەکەوە بن. لە سەرووی ئەوانیشەوە سێ وەزیر، یەکێکیان دانیال بوو، بۆ ئەوەی میرەکان هەژماردەکان بخەنە بەردەمیان تاکو پاشا زیانی پێ نەگات. ئەوە بوو دانیال لە هەموو وەزیر و میرەکان پێشکەوتووتر بوو، چونکە توانایەکی نائاسایی هەبوو، پاشاش پلانی هەبوو کە لەسەر هەموو پاشایەتییەکە دایبنێت. لەبەر ئەوە وەزیر و میرەکان هەوڵیان دا هۆیەک ببیننەوە بۆ سکاڵاکردن لە دژی دانیال سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری پاشایەتییەکە، بەڵام نەیانتوانی هیچ گەندەڵییەک لە دانیال ببیننەوە، چونکە دەستپاک بوو و گەندەڵی و کەمتەرخەمی تێدا نەبوو. ئینجا ئەو پیاوانە گوتیان: «هیچ هەڵەیەک لەم دانیالەدا نابینینەوە، تەنها ئەگەر لەبارەی شەریعەتی[a] خوداکەیەوە نەبێت.»

جا ئەو وەزیر و میرانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و پێیان گوت: «ئەی داریوش پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! هەموو وەزیرەکانی پاشایەتییەکە و فەرمانڕەوا و میر و ڕاوێژکار و پارێزگارەکان ڕاوێژیان کرد وابکەن پاشا فەرمانێک دەربکات و بڕیارەکە جێبەجێ بکات کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ هەر داوایەک لە خوداوەندێک یان مرۆڤێک بکات، جگە لە تۆ، ئەی پاشا، با فڕێبدرێتە ناو چاڵی شێرەکان. ئێستاش ئەی پاشا فەرمانەکە دەربکە و ئیمزای لەسەر بکە، بۆ ئەوەی هەروەک یاساکانی ماد و فارس نەگۆڕ بێت کە پووچەڵ نابێتەوە.» ئیتر داریوشی پاشا فەرمانەکەی نووسی و ئیمزای کرد.

10 کە دانیال بە ئیمزاکردنی فەرمانەکەی زانی، گەڕایەوە ماڵەوە، چووە ژوورەکەی سەرەوە کە پەنجەرەکەی ڕووەو ئۆرشەلیم دەکرایەوە. سێ جار لە ڕۆژێکدا چووە سەر چۆک و لەبەردەم خوداکەی نوێژی کرد و سوپاسی کرد، هەروەک پێش ئەوە دەیکرد. 11 ئینجا ئەو پیاوانە پێکەوە کۆبوونەوە، بینییان دانیال لەبەردەم خوداکەیدا نوێژ دەکات و دەپاڕێتەوە. 12 دەستبەجێ چوونە لای پاشا و سەبارەت بە فەرمانە پاشایەتییەکەی قسەیان کرد: «ئەی پاشا، ئایا تۆ فەرمانێکت ئیمزا نەکرد کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ لە هەر خوداوەندێک یان مرۆڤێک داوایەک بکات جگە لە تۆ ئەی پاشا، فڕێدەدرێتە ناو چاڵی شێرەکانەوە؟»

پاشا گوتی: «فەرمانەکە ڕاستە و هەروەک یاساکانی ماد و فارس وایە کە پووچ نابێتەوە.»

13 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و لەبەردەم پاشا گوتیان: «ئەو دانیالەی لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایە، ئەی پاشا، هیچ گوێی نە بە تۆ و نە بەو فەرمانەی کە ئیمزات کردووە نەداوە، بەڵکو ڕۆژانە سێ جار نوێژ دەکات.» 14 کە پاشا گوێی لەم قسەیە بوو زۆر دڵتەنگ بوو، مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی دانیال دەرباز بکات و هەتا خۆر ئاوابوون هەوڵی دا ڕزگاری بکات.

15 بەڵام ئەو پیاوانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، لە یادت نەچێت کە یاساکانی ماد و فارس ئەوەیە کە هەر فەرمان و بڕیارێک پاشا دەریبکات، ناگۆڕدرێت.»

16 ئینجا پاشا فەرمانی دا، دانیالیان هێنا و فڕێیان دایە ناو چاڵی شێرەکان. پاشا بە دانیالی گوت: «با خوداکەت کە تۆ بە بەردەوامی خزمەتی دەکەیت، ئەو ڕزگارت بکات.»

17 بەردێک هێنرا و لەسەر دەمی چاڵەکە دانرا، پاشا بە مۆری خۆی و مۆری گەورە پیاوانی مۆری کرد، بۆ ئەوەی کەس هەوڵ نەدات دانیال ڕزگار بکات. 18 ئیتر پاشا گەڕایەوە کۆشکەکەی و بەبێ خواردن و ڕابواردن شەوی بەسەربرد و خەوی لێ زڕا.

19 بەیانی زوو پاشا هەستا و بە پەلە چووە لای چاڵی شێرەکان. 20 کاتێک لە چاڵەکە نزیک بووەوە، بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە بانگی دانیالی کرد و گوتی: «ئەی دانیال، بەندەی خودای زیندوو! ئایا ئەو خودایەی بەردەوام دەیپەرستیت توانی لە شێرەکان ڕزگارت بکات؟»

21 دانیالیش وەڵامی دایەوە: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! 22 خوداکەم فریشتەکەی خۆی نارد و دەمی شێرەکانی داخست، هیچ زیانیان پێ نەگەیاندم، چونکە لەبەردەم ئەو بێتاوان بووم. ئەی پاشا، لەبەردەم تۆشدا هیچ تاوانێکم نەکردووە.»

23 پاشا دڵی خۆش بوو، فەرمانی دا دانیال لە چاڵەکە سەربخەن. دانیال لە چاڵەکەوە سەرخرا و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتبوو، چونکە پشتی بە خودای خۆی بەست.

24 ئینجا پاشا فەرمانی دا، ئەو پیاوانەیان هێنا کە سکاڵایان لە دانیال کرد و فڕێیان دانە ناو چاڵی شێرەکان، خۆیان و ژن و منداڵەکانیان. هێشتا نەگەیشتبوونە بن چاڵەکە، شێرەکان پەلاماریان دان و هەموو ئێسکەکانیان تێکشکاندن.

25 دوای ئەوە داریوشی پاشا ئەمەی بۆ هەموو گەل و نەتەوە و خەڵکی هەموو زمانەکان نووسی کە لە هەموو زەویدا نیشتەجێن:

هەر سەرکەوتوو بن!

26 لە منەوە فەرمان دەرچووە بەوەی کە لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مندا، خەڵک لە خودای دانیال دەترسن و ڕێزی لێ دەگرن.

لەبەر ئەوەی ئەو خودای زیندووە و
    بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت،
پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت و
    دەسەڵاتی بێ کۆتاییە.
27 ئەو ڕزگار دەکات و دەرباز دەکات،
    نیشانە و کاری سەرسوڕهێنەر دەکات
    لە ئاسمان و لەسەر زەوی.
ئەو دانیالی لە چنگی شێرەکان
    ڕزگار کرد.

28 ئیتر دانیال لە پاشایەتی داریوش و لە پاشایەتی کۆرشی فارسی سەرکەوتوو بوو.

یەکەم یۆحەنا 2:12-17

12 ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوە دەنووسم
    چونکە لەبەر ناوی ئەو گوناهەکانتان بەخشرا.
13 ئەی باوکان، بۆ ئێوە دەنووسم
    چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە.
ئەی لاوان، بۆ ئێوە دەنووسم
    چونکە بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.

14 ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوەم نووسی
    چونکە خودای باوک دەناسن.
ئەی باوکان، بۆ ئێوەم نووسی
    چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە.
ئەی لاوان، بۆ ئێوەم نووسی
    چونکە بەهێزن،
پەیامی خوداتان تێدا چەسپاوە و
    بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.

15 نە جیهانتان خۆشبوێت، نە ئەو شتانەی لە جیهاندایە. ئەگەر یەکێک جیهانی خۆشبوێ، ئەوا خۆشەویستی باوکی تێدا نییە. 16 لەبەر ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە جیهاندایە، ئارەزووی جەستە و ئارەزووی چاو و سەڵتەنەتی ژیانە، ئەمانەش لە باوکەوە نین، بەڵکو لە جیهانەوەن. 17 جیهان و ئارەزووەکانی بەسەردەچن، بەڵام ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ دەکات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.