Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 118:1-2

118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئیسرائیل بڵێ:
    «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

زەبوورەکان 118:14-24

14 یەزدان هێز و گۆرانی منە،
    یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.

15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
    «دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
16 دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
    دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و
    باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
    بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
    پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
    ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
    بۆم بووی بە ڕزگاری.

22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
    لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
    با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

پەیدابوون 1:1-19

سەرەتای بەدیهێنان

لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا. زەویش بێ شێوە و بەتاڵ بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان دەجوڵایەوە.

ڕۆژی یەکەم: ڕووناکی

خودا فەرمووی: «با ڕووناکی ببێت.» ئینجا ڕووناکی بوو. خوداش بینی کە ڕووناکییەکە باش بوو. ئیتر خودا ڕووناکییەکەی لە تاریکی جیا کردەوە. خودا ڕووناکییەکەی ناونا «ڕۆژ» و تاریکییەکەی ناونا «شەو.» ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو.

ڕۆژی دووەم: لێک جیاکردنەوەی ئاوەکان

خودا فەرمووی: «با بۆشاییەک[a] لەنێوان ئاوەکاندا ببێت، بۆ جیابوونەوەی ئاو لە ئاو.» خودا بۆشاییەکەی دروستکرد و ئاوەکەی ژێر بۆشاییەکەی لە ئاوەکەی سەر بۆشاییە کراوەکە جیا کردەوە. جا ئاوا بوو. خودا بۆشاییەکەی ناونا «ئاسمان.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی دووەم بوو.

ڕۆژی سێیەم: وشکانی و سەوزایی

خودا فەرمووی: «با ئاوەکانی ژێر ئاسمان لە یەک شوێن کۆببنەوە و وشکانی دەربکەوێت.» جا ئاوا بوو. 10 خودا وشکانییەکەی ناونا «زەوی». ئاوە کۆبووەوەکەشی ناونا «دەریا». خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.

11 ئینجا خودا فەرمووی: «با زەوی سەوزایی بدات: ڕووەکی تۆودار و داری بەردار لەسەر زەوی، ئەوەی تۆوەکەی لەناو خۆیەتی، لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. 12 زەوی سەوزایی دا: ڕووەکی تۆودار لە جۆری خۆی و دار کە بەر دروستبکات و تۆوەکەی تێدابێت لە جۆری خۆی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. 13 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی سێیەم بوو.

ڕۆژی چوارەم: مانگ و ڕۆژ

14 ئینجا خودا فەرمووی: «با لە بۆشایی ئاسماندا ڕووناکییەکان هەبێت بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژ لە شەو، هەروەها بۆ نیشانکردنی وەرز و ڕۆژ و ساڵ. 15 با ڕووناکییەکان لە بۆشایی ئاسماندا ببن، تاکو سەر زەوی ڕووناک بکەنەوە.» جا ئاوا بوو. 16 هەروەها خودا دوو ڕووناکییە مەزنەکەی دروستکرد، ڕووناکییە گەورەکەیان بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ، ڕووناکییە بچووکەکەشیان بۆ فەرمانڕەوایەتی شەو، هەروەها ئەستێرەکانیش. 17 خودا لە بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناککردنەوەی سەر زەوی داینان، 18 بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ و شەو و جیاکردنەوەی ڕووناکی لە تاریکی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. 19 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی چوارەم بوو.

یەکەم کۆرنسۆس 15:35-49

هەستانەوەمان چۆن دەبێت؟

35 لەوانەیە یەکێک بڵێت: «مردووان چۆن هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە لەشێک دێن؟» 36 ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت. 37 ئەوەی دەیچێنیت ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، لەوانەیە گەنمە یاخود هەر تۆوێکی دیکە. 38 بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ. 39 هەموو جەستەیەک یەک شێوەی نییە، بەڵکو مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە. 40 تەنی ئاسمانی هەیە و تەنی زەویش هەیە، بەڵام شکۆیە ئاسمانییەکان شتێکە و شکۆی زەویش شتێکی دیکە. 41 شکۆی خۆر شتێکە و شکۆی مانگ شتێکە، شکۆی ئەستێرەش شتێکی دیکە، ئەستێرەش لەگەڵ ئەستێرە شکۆی جیاوازی خۆیان هەیە.

42 بەم جۆرەش هەستانەوەی مردووانیش: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. 43 لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. 44 بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە.

ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. 45 ئاواش نووسراوە: [ئادەمی یەکەم بووە گیانێکی زیندوو.][a] بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. 46 بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. 47 مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. 48 وەک ئەوەی لە خۆڵ بوو، ئەوانەش لە خۆڵن. ئەوەش لە ئاسمانەوەیە، ئاسمانییەکان بەم جۆرە دەبن. 49 وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.