Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 118:1-2

118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئیسرائیل بڵێ:
    «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

زەبوورەکان 118:19-29

19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
    پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
    ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
    بۆم بووی بە ڕزگاری.

22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
    لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
    با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

25 ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە،
    ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.

26 پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت،
    لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.
27 یەزدان خودامانە و
    ڕووناکی پێ بەخشیوین.
قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە
    بە قۆچەکانی قوربانگا.

28 تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم،
    تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.

29 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

یەرمیا 33:1-9

بەڵێنی گەڕانەوە

33 یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو، دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە: «یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت، ناوی یەزدانە، ئەمە دەفەرموێت: ”بانگم بکە، وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم، شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“ چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا، ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر لە جەنگی دژی بابلییەکان، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان، ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا.

«”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم. یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە. پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە، لە هەموو گوناه و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە. جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی، ستایشکردن و شانازی، لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم. جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت، لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“

فیلیپی 2:12-18

ڕۆڵەکانی خودا بێ گلەیین

12 بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان، 13 چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.

14 هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن، 15 تاکو بێ گلەیی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە، 16 کاتێک دەست بە وشەی ژیانەوە بگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە غارم نەداوە و ڕەنجم نەکێشاوە. 17 بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم،[a] ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان. 18 جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.