Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 119:9-16

ב (بێت)

گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
    بە پاراستنی وشەکانت.
10 بە هەموو دڵەوە بەدوای تۆدا دەگەڕێم،
    مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
11 وشەکانی تۆم لەناو دڵم شاردووەتەوە،
    تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
12 ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!
    فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
13 بە لێوەکانی خۆم،
    باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
14 بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
    وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
15 لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
    چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
16 بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
    وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.

ئیشایا 44:1-8

ئیسرائیلی هەڵبژێردراو

44 «ئێستا یاقوبی بەندەم،
    ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، گوێ بگرە.
دروستکەر، یارمەتیدەرت،
    شێوەکێشت لە سکی دایکەوە،
    یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
مەترسە یاقوبی بەندەم،
    یەشوروونی[a] هەڵبژاردەم،
چونکە ئاو بەسەر خاکە تینووەکەدا دەڕێژم و
    لافاو بەسەر زەوییە وشکەکەدا،
ڕۆحی خۆم بەسەر نەوەکانتدا دەڕێژم و
    بەرەکەتم بەسەر توخمت.
جا لەنێو سەوزەگیا سەرهەڵدەدەن
    وەک شۆڕەبی ڕۆخ جۆگەکان.
ئەمەیان دەڵێت: ”من سەر بە یەزدانم،“
    ئەویان بە ناوی یاقوب بانگ دەکرێت،
ئەمیان لەسەر دەستی دەنووسێت: ”بۆ یەزدانە“ و
    بە ناوی ئیسرائیلەوە نازناوی لێ دەنرێت.

یەزدان، نەک بت

«یەزدان، پاشای ئیسرائیل و ئەوەی دەیکڕێتەوە،
    یەزدانی سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:
من سەرەتا و من کۆتاییم،
    لە من بەولاوە هیچ خودایەک نییە.
کێ وەک منە؟ با بانگەواز بکات،
    با ڕایبگەیەنێت و بیخاتە بەردەمم
لەو کاتەوەی گەلی دێرینم داناوە و
    داهاتووەکان و ئەوەی لەگەڵ خۆی دەیهێنێت،
    با پێیان ڕابگەیەنن.
مەتۆقن و مەترسن.
    ئەی لە کۆنەوە پێم نەگوتوویت و پێم ڕانەگەیاندوویت؟
ئێوە شایەتی منن، ئایا لە من بەولاوە خودای دیکە هەیە؟
    هیچ تاشەبەردێکی دیکە نییە، من نەمناسیبێت.»

کردار 2:14-24

یەکەم وتاری پەترۆس

14 پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، دەنگی بەرزکردەوە و پێی ڕاگەیاندن:

«ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن، 15 چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی[a] بەیانییە! 16 بەڵکو بەهۆی پێغەمبەر یۆئێل گوتراوە:

17 «[خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا
    ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
    گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت،
    پیرانتان خەون دەبینن.
18 تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
    لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و
    ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن.
19 لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو[b] و
    لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم:
    خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
20 خۆر دەبێتە تاریکی و
    مانگیش دەبێتە خوێن،
    بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت.
21 جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت.][c]

22 «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن. 23 ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. 24 بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.