Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 51:1-12

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.

51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
    بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
    لە گوناهم پاکم بکەرەوە.

چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
    هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
    لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
    دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
    گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
    لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.

بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
    بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
    با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
    هەموو خراپەکانم بسڕەوە.

10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
    ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
    ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
    بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.

دەرچوون 30:1-10

قوربانگای بخوور سووتاندن

30 «قوربانگای بخوور سووتاندنیش لە داری ئەکاسیا دروستبکە. درێژییەکەی باڵێک[a] و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بێت، بەرزاییەکەشی دوو باڵ[b]، قۆچەکانیش لە خۆی بێت. بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی بکە، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستبکە. دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستبکە، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی دروستی بکە، بۆ ئەوەی ببنە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە زێڕ ڕووکەشیان بکە. قوربانگاکە لەپێش ئەو پەردەیە دادەنێیت کە لەبەردەم سندوقی پەیمانە، لەبەردەم قەپاغی کەفارەت کە لەسەر ئەو دوو تەختەی پەیمان، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم.

«هارون هەموو بەیانییەک بخووری بۆنخۆشی لەسەر بسووتێنێت، کاتێک چراکان ئامادە دەکات بیسووتێنێت. هەروەها کاتێک هارون ئێواران چراکان سەردەخات بیسووتێنێت، بخوورێکی بەردەوامە لەبەردەم یەزدان بۆ نەوەکانتان. هیچ بخووری دیکەی مەخەنە سەر، هەروەها قوربانی سووتاندن و دانەوێڵەی پێشکەشکراو، هیچ شەرابێکی پێشکەشکراویشی بەسەردا مەڕێژن. 10 هارونیش ساڵی جارێک کەفارەت لەسەر قۆچەکانی بکات، لە خوێنی قوربانی گوناه کە بۆ کەفارەتە، ساڵی جارێک کەفارەتی لەسەر دەکرێت بۆ نەوەکانتان، هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.»

عیبرانییەکان 4:14-5:4

عیسا سەرۆک کاهینی پایەبەرزە

14 لەبەر ئەوەی ئەو سەرۆک کاهینە پایەبەرزەمان هەیە کە بە ئاسماندا تێپەڕی، عیسای کوڕی خودا، با دەستبگرین بەو باوەڕەوە کە دانمان پێدا ناوە، 15 چونکە سەرۆک کاهینێکمان نییە کە نەتوانێت هاوخەمی لاوازییەکانمان بێت، بەڵکو سەرۆک کاهینێکمان هەیە کە وەکو ئێمە لە هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە، بەڵام بێ گوناه دەرچوو. 16 بۆیە با بە متمانەوە لە تەختی نیعمەت[a] بچینە پێش، بۆ ئەوەی بەزەیی وەربگرین و نیعمەت بدۆزینەوە تاکو لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان بدات.

هەر سەرۆک کاهینێک لەنێو خەڵک هەڵبژێردراوە، وەک نوێنەری خەڵک لە کاروباری خودا دەستنیشان کراوە، تاکو دیاری و قوربانییەکانی گوناه پێشکەش بکات. دەتوانێ لەگەڵ نەزان و چەواشە کراوان دڵنەرم بێت، چونکە خۆشی وەک ئەوان گرفتاری لاوازییە. لەبەر ئەوە پێویستە لە پێناوی گوناهەکانی خۆی قوربانی بکات، هەروەک لە پێناوی گوناهەکانی کەسانی دیکە دەیکات.

کەس ئەم ڕێزە بۆ خۆی وەرناگرێت، بەڵکو دەبێت خودا بانگی بکات، هەروەک چۆن خودا هارونی بانگکرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.