Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی پێنجەم
زەبوورەکانی 107–150
107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
3 لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.
4 هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
5 برسی و تینوو بوون،
گیانیان داهێزرا.
6 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
7 ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
8 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
9 چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،
گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.
10 هەندێک لە دانیشووانی تاریکی و سێبەری مەرگ،
دیلیێتی ئازار و ئاسن،
11 چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون،
سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.
12 لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە،
کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.
13 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
14 لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان،
کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.
15 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
16 چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند،
شیشە ئاسنەکانی شکاند.
مێرگەکانی مارا و ئێلیم
22 ئینجا موسا کۆچی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و لە دەریای سوورەوە پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی شوور، سێ ڕۆژ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و ئاویان نەدۆزییەوە. 23 کاتێک هاتنە مارا، نەیانتوانی ئاوەکەی ئەوێ بخۆنەوە، چونکە تاڵ بوو، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ناونراوە مارا.[a] 24 جا گەل بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا کرد و گوتیان: «چی بخۆینەوە؟»
25 موساش هاواری بۆ یەزدان کرد، یەزدانیش دارێکی پیشان دا و ئەویش فڕێیدایە ناو ئاوەکە، ئیتر ئاوەکە سازگار بوو.
لەوێ یەزدان فەرز و یاسای بۆ دانان و لەوێش تاقی کردنەوە. 26 فەرمووی: «ئەگەر بە باشی گوێ لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارت بگریت و ئەوەی ڕاستە لەبەرچاوی بیکەیت و گوێ بۆ فەرمانەکانی شل بکەیت و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنیت، هیچ نەخۆشییەک لەوانەی خستمە سەر میسرییەکان نایخەمە سەر تۆ، چونکە من یەزدانم، ئەوەی چاکت دەکاتەوە.»
27 ئینجا هاتنە ئێلیم، لەوێ دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، ئیتر لەوێ لەلای ئاوەکان لایاندا.
عیسا پایەبەرزترە لە موسا
3 کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆک کاهینی دانپێدانانمانە. 2 ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. 3 عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. 4 لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک یەکێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. 5 موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. 6 بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا[a] دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.