Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
موسا مارێک لە بڕۆنز دروستدەکات
4 ئینجا لە کێوی هۆرەوە بە ڕێگای دەریای سوور کۆچیان کرد هەتا بە خاکی ئەدۆمدا بسوڕێنەوە، جا گەل لە ڕێگادا ئارامییان لێ بڕا. 5 گەل لە دژی خودا و موسا قسەیان کرد و گوتیان: «بۆچی لە میسر دەرتانهێناین هەتا لە چۆڵەوانی بمرین؟ چونکە نە نان هەیە و نە ئاو! ئەم خواردنە بێ تامەمان لەبەرچاو کەوتووە.»
6 یەزدانیش ماری ژەهراوی بۆ سەر گەل نارد و بە گەلیانەوە دا و خەڵکێکی زۆر لە ئیسرائیل مردن. 7 ئینجا گەل هاتنە لای موسا و گوتیان: «گوناهمان کرد لە دژی یەزدان و لە دژی تۆش قسەمان کرد. لەبەر ئەوە نزا بۆ یەزدان بکە هەتا ئەو مارانەمان لەسەر هەڵبگرێت.» موساش لە پێناوی گەل نزای کرد.
8 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «مارێکی ژەهراوی دروستبکە و لەسەر ستوونێک هەڵیبواسە، جا هەر یەکێک پێیەوەدرا و تەماشای کرد دەژیێت.» 9 موساش مارێکی لە بڕۆنز دروستکرد و لەسەر ستوونێک هەڵیواسی، ئەوە بوو هەر کاتێک یەکێک مار پێوەی دەدا و تەماشای مارە بڕۆنزییەکەی دەکرد دەژیا.
کۆکراوەی بەشی پێنجەم
زەبوورەکانی 107–150
107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
3 لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.
17 هەندێک بوونە گێل و لە ڕێگای یاخیبوونیان و
لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.
18 قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە،
لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.
19 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
20 فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە،
لە فەوتان دەربازی کردن.
21 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
22 با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن،
بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.
زیندووبوونەوە لەگەڵ مەسیح
2 ئێوەش بەهۆی خراپە و گوناهەکانتانەوە مردبوون 2 کە پێشتر تێیدا دەژیان کاتێک پەیڕەوی ڕێبازی ئەم جیهانە و سەرۆکی دەسەڵاتی هەواتان دەکرد، ئەو ڕۆحەی ئێستا لە یاخیبوواندا کار دەکات. 3 ئێمەش هەموو لەوان بووین، لە هەوەسەکانی سروشتی دنیاییماندا دەژیاین، بە خواستەکانی ئەم سروشتە و بیرەکانیمان دەکرد، وەکو خەڵکی دیکە بە سروشت شایانی تووڕەیی خودا بووین. 4 بەڵام خودا کە دەوڵەمەندە لە بەزەیی، لەبەر ئەو خۆشەویستییە مەزنەی بۆ ئێمەی دەربڕیوە، 5 ئێمە کە بەهۆی گوناهەکان مردبووین، لەگەڵ مەسیح زیندووی کردینەوە. بە نیعمەت ڕزگارتان بووە. 6 خودا ئێمەی لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەستاندەوە و بە هۆی یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە شوێنەکانی ئاسمان دایناین، 7 تاکو لە دنیای داهاتوو دەوڵەمەندی نیعمەتی بێ هاوتای خۆی لە ڕێگەی میهرەبانییەکەیەوە بۆ ئێمە دەربخات کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکین. 8 لەبەر ئەوەی بە نیعمەت ڕزگارتان بوو لە ڕێگەی باوەڕەوە، ئەمەش لە خۆتانەوە نییە، بەڵکو دیاری خودایە، 9 بە کردار نییە، تاکو کەس شانازی نەکات، 10 چونکە ئێمە دروستکراوی دەستی خوداین، لە ڕێگەی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح دەبینە بەدیهێنراوێک بۆ کاری چاکە، کە خودا پێشتر ئامادەی کردووە تاکو بە ئەنجامی بگەیەنین.
14 وەک موسا لە چۆڵەوانی مارەکەی[a] بەرزکردەوە، ئاواش دەبێ کوڕی مرۆڤ بەرز بکرێتەوە، 15 تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەبێت.»
16 لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، 17 چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت. 18 ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت حوکم نادرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا حوکم دراوە، چونکە باوەڕی بە ناوی کوڕە تاقانەکەی خودا نەهێناوە. 19 ئەمەش حوکمەکەیە: ڕووناکییەکە هاتە جیهان بەڵام خەڵک لە جیاتی ڕووناکییەکە تاریکییەکەیان خۆشویست، چونکە کردەوەیان خراپ بوو. 20 لەبەر ئەوەی هەرکەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکییەکەیە و نایەتە لای ڕووناکییەکە، نەوەک کردەوەکانی ئاشکرابێت. 21 بەڵام ئەوەی بەگوێرەی ڕاستی دەڕوات، دێتە لای ڕووناکییەکە، تاکو دەربکەوێت کە کردەوەکانی لە خوداوەیە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.