Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
84 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
ماڵەکەت چەند خۆشە!
2 گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە.
لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.
3 پاساری ماڵی دەست دەکەوێت و
پەڕەسێلکەش هێلانە، تەنانەت لە قوربانگای تۆدا،
بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت،
ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.
4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن،
هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.[b]
5 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە،
ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە[c]،
6 کە بە دۆڵی فرمێسک[d] تێدەپەڕن،
دەیکەنە کانیاو،
پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.
7 لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە،
تاکو هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.
8 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت،
خودای یاقوب، گوێ شل بکە.
9 ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان،
سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت[e] بکە.
10 یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ
لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە.
ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد،
نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران.
11 چونکە یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە،
یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت،
ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.
12 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.
فەرمانی داریوش
6 ئینجا داریوشی پاشا فەرمانی دا و لەناو ئەرشیفی شاهانەدا گەڕان کە لەنێو گەنجینەی بابل دانرا بوو، 2 جا لە ئەحمەتا لەناو ئەو کۆشکەی لە هەرێمی میدیادایە نووسراوێک دۆزرایەوە کە ئەمەی تێدابوو:
یاداشت:
3 کۆرشی پاشا لە یەکەم ساڵی پاشایەتییەکەیدا، سەبارەت بە پەرستگای خودا کە لە ئۆرشەلیمە ئەم فەرمانەی دەرکرد:
با پەرستگاکە بنیاد بنرێتەوە، ئەو شوێنەی قوربانی تێدا سەردەبڕن، با بناغەکانی دابمەزرێنن، بەرزییەکەی شەست باڵ[a] و پانییەکەی شەست باڵ بێت. 4 بە سێ ڕیز لە بەردی گەورە و ڕیزێک لە تەختەداری نوێ، با خەرجییەکەشی لە گەنجینەی پاشاوە بدرێت. 5 هەروەها قاپوقاچاغەکانی ماڵی خودا، ئەوەی لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنا و هێنایە بابل، با ببردرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو پەرستگایەی کە لە ئۆرشەلیمە، بۆ شوێنەکەی خۆی و لە ماڵی خودا دابنرێت.
6 ئێستاش ئەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و ئەی شەتاربوزەنەی و یاوەرە کاربەدەستەکانی هەرێمەکە، لەوێ دوور بکەونەوە. 7 واز لەم کارەی پەرستگای خودا بهێنن، بەڵام فەرمانڕەوای جولەکەکان و پیرانی جولەکەکان، با ئەم ماڵەی خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنێنەوە.
8 لە منیشەوە فەرمان دەرچووە کە لە بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا لەگەڵ پیرانی جولەکە چی دەکەن:
لە پارەی پاشاوە، لە سەرانەی هەرێمی ئەوبەری فورات، بە پەلە خەرجی بەو پیاوانە دەدرێت تاوەکو دەست لە کارەکە هەڵنەگرن. 9 هەرچیشیان پێویستە بەپێی قسەی ئەو کاهینانەی لە ئۆرشەلیمن، لە جوانەگا[b] و بەران و بەرخ وەک قوربانی سووتاندن بۆ خودای ئاسمان، لەگەڵ گەنم و خوێ و شەراب و زەیت، با ڕۆژ بە ڕۆژ پێیان بدرێت تاوەکو خاو نەبنەوە 10 لە پێشکەشکردنی بۆنی ڕەزامەندی بۆ خودای ئاسمان و لە نزاکردن لە پێناوی ژیانی پاشا و کوڕەکانی.
11 هەروەها فەرمان لەلای منەوە دەرچووە کە هەرکەسێک ئەم قسەیە بگۆڕێت، کاریتەیەک لە ماڵەکەی ڕادەکێشرێت و دەکرێتە سێدارەیەک و لەسەری هەڵدەواسرێت، لەبەر ئەم تاوانە ماڵەکەی دەبێتە کەلاوە. 12 خوداش کە ناوی خۆی لەوێ نیشتەجێ کرد، هەر پاشا و گەلێک لەناودەبات ئەگەر دەستدرێژی بکات بۆ گۆڕینی ئەم فەرمانە یان ڕووخاندنی ئەم پەرستگایەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە.
من داریوشم فەرمانم دا و با بە وردی جێبەجێ بکرێت.
تەواوکردن و تەرخانکردنی پەرستگاکە
13 ئینجا تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی لەگەڵ یاوەرەکانیان بە وردی جێبەجێیان کرد، بەگوێرەی ئەوەی داریوشی پاشا ناردبووی. 14 پیرانی جولەکەش بنیادیان دەنا و سەرکەوتوو دەبوون، بەگوێرەی پێغەمبەرایەتییەکەی حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای نەوەی عیدۆ. جا بەگوێرەی فەرمانی خودای ئیسرائیل و فەرمانی کۆرش و داریوش و ئەرتەحشەستەی پاشایانی فارس پەرستگاکەیان بنیاد ناوە و تەواویان کرد. 15 ئیتر لە سیی مانگی ئادار، لە ساڵی شەشەمی پاشایەتی داریوش پاشا ئەم پەرستگایە تەواو بوو.
16 نەوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان و پاشماوەی نەوەی ڕاپێچکراوەکان بە دڵخۆشییەوە ئەم ماڵەی خودایان تەرخان کرد.
پاککردنەوەی پەرستگا
15 هاتنە ئۆرشەلیم و عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی وەرگێڕا. 16 نەیدەهێشت کەس بە شتومەکەوە بە ناو حەوشەکانی پەرستگادا تێبپەڕێت. 17 فێری دەکردن و دەیفەرموو: «ئایا نەنووسراوە:
18 کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن، چونکە لێی دەترسان لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە لە فێرکردنەکانی سەرسام ببوون.
19 کاتێک ئێوارە داهات، عیسا و قوتابییەکانی چوونە دەرەوەی شار.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.