Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
84 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
ماڵەکەت چەند خۆشە!
2 گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە.
لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.
3 پاساری ماڵی دەست دەکەوێت و
پەڕەسێلکەش هێلانە، تەنانەت لە قوربانگای تۆدا،
بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت،
ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.
4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن،
هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.[b]
5 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە،
ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە[c]،
6 کە بە دۆڵی فرمێسک[d] تێدەپەڕن،
دەیکەنە کانیاو،
پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.
7 لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە،
تاکو هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.
8 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت،
خودای یاقوب، گوێ شل بکە.
9 ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان،
سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت[e] بکە.
10 یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ
لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە.
ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد،
نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران.
11 چونکە یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە،
یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت،
ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.
12 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.
حەزقیا پەرستگاکە پاک دەکاتەوە
29 حەزقیا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو. 2 بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.
3 لە یەکەم مانگی ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی چاککردەوە و دەرگاکانی کردەوە. 4 کاهین و لێڤییەکانی بردە ژوورەوە و لە گۆڕەپانەکەی ڕۆژهەڵاتدا کۆی کردنەوە و 5 پێی گوتن: «ئەی لێڤییەکان گوێم لێ بگرن، ئێستا خۆتان تەرخان بکەن و پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان تەرخان بکەن. گڵاوی لە پیرۆزگا دەربکەن، 6 چونکە باوباپیرانمان ناپاکییان کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارمان خراپەکارییان کرد و بەجێیان هێشت. ڕوویان لە نشینگەی یەزدان وەرگێڕا و پشتیان تێکرد، 7 هەروەها دەرگاکانی هەیوانەکەیان داخست و چراکەیان کوژاندەوە و بخووریان نەسووتاند و هیچ قوربانی سووتاندنیان لە پیرۆزگادا بۆ خودای ئیسرائیل نەکرد. 8 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر یەهودا و ئۆرشەلیمدا هاتە خوارەوە، ئەویش کردنی بە پەند و مایەی سەرسوڕمان و تانە و تەشەر، هەروەک بە چاوی خۆتان دەیبینن. 9 لەبەر ئەمە باوباپیرانمان بە شمشێر کوژران و کوڕ و کچ و ژنەکانمان دیلن.[a] 10 ئێستاش لە دڵمدایە پەیمانێک لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ببەستم، بەڵکو گڕی تووڕەییەکەی لە ئێمە دابمرکێتەوە. 11 کوڕەکانم، ئێستا کەمتەرخەمی مەکەن، چونکە یەزدان ئێوەی هەڵبژارد هەتا لەبەردەمی ڕابوەستن و خزمەتی بکەن و ببن بە خزمەتکار و بخوور بسووتێن بۆی.»
16 کاهینەکان چوونە ناو پیرۆزگای یەزدانەوە بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە و هەموو ئەو گڵاوییەی لەناو پەرستگای یەزداندا دۆزییانەوە، بردیانە دەرەوە بۆ حەوشەی پەرستگای یەزدان و لێڤییەکانیش هەڵیانگرت بۆ ئەوەی دەریبکەنە دەرەوە بۆ دۆڵی قدرۆن. 17 لە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکدا دەستیان بە تەرخانکردنەکە کرد و لە ڕۆژی هەشتی مانگدا گەیشتنە هەیوانەکەی پەرستگای یەزدان. لەپاش ئەوە هەشت ڕۆژی دیکەش پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد و لە ڕۆژی شازدەی مانگی یەکدا کۆتاییان پێهێنا.
18 ئینجا چوونە ژوورەوە بۆ لای حەزقیای پاشا و گوتیان: «هەموو پەرستگای یەزدان و قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و مێزی نانی تەرخانکراو و هەموو قاپوقاچاغەکانیمان پاککردەوە، 19 لەگەڵ هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی کە ئاحازی پاشا فڕێیدا لە سەردەمی پاشایەتییەکەیدا لە ناپاکییەکەی، ئامادە و تەرخانمان کردوون و ئێستا لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانن.»
مەسیح گەورەترین قوربانییە
23 پاککردنەوەی وێنەی شتە ئاسمانییەکان دەبووایە ئاوا بکرێت، بەڵام خودی شتە ئاسمانییەکان بە قوربانی باشتر لەمانە پاک دەبنەوە، 24 چونکە مەسیح نەچووە پیرۆزگای دەستکرد کە لەبەرگیراوەی شتە ڕاستەقینەکەیە، بەڵکو خودی ئاسمان، ئێستاش لەوێ لەبەردەم خودا بۆ ئێمە دەردەکەوێت. 25 نەک تاکو چەند جارێک خۆی پێشکەش بکات، وەک سەرۆک کاهین ساڵی جارێک بە خوێنێک کە خوێنی خۆی نییە دەچێتە شوێنی هەرەپیرۆز. 26 ئەگینا دەبووایە مەسیح لە دامەزراندنی جیهانەوە چەندین جار ئازاری بچێژتبووایە. بەڵام ئێستا لە کۆتایی زەمان تەنها جارێک دەرکەوت تاکو گوناه بسڕێتەوە، بەوەی خۆی کردە قوربانی. 27 وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە، 28 مەسیحیش، جارێک خۆی کرد بەقوربانی تاکو گوناهی خەڵکێکی زۆر لاببات. بەڵام هاتنەوەی عیسا بۆ جاری دووەم بۆ لابردنی گوناه نییە، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەیە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.