Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 19

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
    گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
    شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
    دەنگیان نابیسترێت،
بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
    وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
    کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
    وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
    دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
    هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

فێرکردنی یەزدان تەواوە،
    دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
    ساویلکە دەکەنە دانا.
ڕێنمایی یەزدان دروستە،
    دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
    چاو ڕۆشن دەکات.
لەخواترسی بێگەردە،
    هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
    بە تەواوی ڕاستودروستە.

10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
    لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
    لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
    پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
    گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
    وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
    لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
    جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
    ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].

دەرچوون 19:9-15

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە چڕی هەوردا دێمە لات، بۆ ئەوەی گەل گوێی لێبێت کاتێک لەگەڵت دەدوێم و هەتاهەتایە باوەڕت پێ بکەن.» موساش وتەکانی گەلی بە یەزدان ڕاگەیاند.

10 هەروەها یەزدان بە موسای فەرمووی: «بڕۆ لای گەل و ئەمڕۆ و بەیانی تەرخانیان بکە. با جلەکانیان بشۆن و 11 ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، چونکە لە ڕۆژی سێیەم یەزدان لەبەرچاوی هەموو گەل دێتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا. 12 بە چواردەوری کێوەکەدا سنوور بۆ گەل دادەنێیت و دەڵێیت: ”ئاگاداری خۆتان بن، بەسەر کێوەکە مەکەون و دەست لە لێوارەکەی مەدەن، چونکە هەرکەسێک دەست لە کێوەکە بدات دەبێت بکوژرێت. 13 ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، نابێت بژیێت، دەبێت بەردباران یان تیرباران بکرێت، بەبێ ئەوەی کەس دەستی پێی بکەوێت.“ بەڵام لە کاتی فووکردنێکی بەهێز بە کەڕەنادا[a]، ئەوان لە کێوەکە نزیک دەبنەوە.»

14 موساش لە کێوەکە هاتە خوارەوە بۆ لای گەل و تەرخانی کردن، ئەوانیش جلەکانیان شوشت. 15 بە گەلی گوت: «ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، لە ئافرەت نزیک مەکەونەوە.»

کردار 7:30-40

30 «دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، [فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.][a] 31 موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات: 32 [من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.][b] بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.

33 «[جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە. 34 بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.][c]

35 «ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟][d] هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت. 36 ئەم دەریهێنان، لە ماوەی چل ساڵدا پەرجوو و نیشانەی لە خاکی میسر و دەریای سوور و چۆڵەوانیش کرد.

37 «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: [خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.][e] 38 هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا[f] بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ.

39 «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. کەچی ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر دەگەڕایەوە. 40 بە هارونیان گوت: [چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.][g]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.