Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 105:1-11

105 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
    کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
    با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
    بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
    پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
    ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
    حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.

بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
    ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
    ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
10 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
    وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
11 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان[a] دەدەمە تۆ،
    بەشە میراتی خۆتانە.»

زەبوورەکان 105:37-45

37 بە زێڕ و زیوەوە دەریکردن،
    لەنێو هۆزەکانیان کەسی پەککەوتە نەبوو.
38 میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو،
    چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.

39 هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین،
    ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
40 داوایان کرد، سوێسکەی[a] هێنا،
    نانی ئاسمانی تێری کردن.
41 بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا،
    وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.

42 چونکە بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە،
    بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
43 گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە،
    هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
44 خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین،
    بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
45 بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
    فێرکردنی جێبەجێ بکەن.

هەلیلویا.

یەرمیا 30:12-22

12 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”شکاوییەکەت بێ چارەیە،
    برینەکەت سەختە.
13 کەس نییە داکۆکی لە کێشەی تۆ بکات،
    دەرمان نییە بۆ برینەکەی تۆ،
    تۆ چاک نابیتەوە.
14 هەموو هاوپەیمانەکانت لەبیریان کردوویت،
    هیچ گرنگی بە تۆ نادەن.
وەک لێدان لە دوژمن لە تۆم دا،
    بە سەختی تەمبێم کردی
لەسەر زۆری تاوانەکانت،
    لەسەر گەورەیی گوناهەکانت.
15 بۆچی لەبەر شکانەکەت هاوار دەکەیت،
    لەبەر ئازارەکەت کە ناشکێت؟
لەسەر زۆری تاوانەکانت و گەورەیی گوناهەکانت،
    منیش ئەمەم پێکردیت.

16 «”بەڵام هەموو ئەوانەی تۆیان خوارد دەخورێن،
    هەموو دوژمنەکانت ڕاپێچ دەکرێن.
ڕاووڕووتکەرانت ڕاووڕووت دەکرێن و
    هەموو تاڵانکەرانت دەکەم بە تاڵانی.
17 بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە،
    برینەکانت چاک دەکەمەوە،
چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە،
    سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

18 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”من ڕاپێچکراوانی چادرەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە،
    بەزەییم بە نشینگەکانی دێتەوە.
شار لەسەر گردەکەی خۆی بنیاد دەنرێتەوە،
    کۆشک لە شوێنی خۆی بنیاد دەنرێتەوە.
19 دەنگی گۆرانی سوپاسگوزاری و
    بەزمیان لێ بەرز دەبێتەوە.
ژمارەیان زۆر دەکەم و
    کەم نابن،
ڕێزیان لێ دەنێم و
    بچووک نابن.
20 کوڕەکانی وەک جاری جاران دەبن،
    کۆمەڵەکەی لەبەردەمم دەچەسپێت،
    سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە ستەمی لێ دەکەن.
21 میرەکەیان یەکێک دەبێت لەنێو خۆیان،
    فەرمانڕەواکەیان لە خۆیان هەڵدەکەوێت.
لە خۆمی نزیک دەکەمەوە و لێم نزیک دەبێتەوە،
    چونکە کەس ناوێرێت بەبێ ویستی من لێم نزیک بێتەوە.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
22 «”ئێوە دەبن بە گەلی من و
    منیش دەبم بە خودای ئێوە.“»

یۆحەنا 12:36-43

36 باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.

37 هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، 38 تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی:

[ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟
    هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟][a]

39 لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی:

40 [چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە،
    بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن،
    نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.][b]

41 ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد.

42 هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن، 43 چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.