Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 22:23-31

23 ئەی لەخواترسەکان، ستایشی بکەن!
    ئەی هەموو نەوەکانی یاقوب، شکۆداری بکەن!
    ئەی هەموو نەوەکانی ئیسرائیل، لێی بترسن!
24 چونکە بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات،
    ڕووی لێ وەرناگێڕێت،
    بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت.

25 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی،
    نەزرەکانم[a] بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.
26 هەژارەکان دەخۆن[b] و تێر دەبن،
    ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن،
    دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.

27 سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو،
    هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
28 چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و
    ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.

29 هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن،
    هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن،
    ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.
30 نەوەکان دەیپەرستن،
    باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.
31 ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە،
    چونکە ئەم کارەی[c] کردووە.

پەیدابوون 15:1-6

پەیمانی خودا لەگەڵ ئەبرام

15 لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا[a] فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات، فەرمووی:

«مەترسە ئەی ئەبرام،
    من قەڵغانم بۆت،
    پاداشتت زۆر گەورەیە.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟» هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»[b]

لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت ئەو دەبێتە میراتگرت.» ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت بیانژمێریت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»

جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا، ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.

پەیدابوون 15:12-18

12 کە خۆریش بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە، لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەرهات. 13 ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. 14 بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە. 15 بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت. 16 لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمورییەکان نەگەیشتووەتە ئەندازەی تەواوی خۆی.»

17 ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و لەنێوان پارچەکاندا تێپەڕی. 18 لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات،

ڕۆما 3:21-31

بێتاوانکردن بە باوەڕ

21 بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن. 22 ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی، 23 لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا کەوتن و 24 بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی[a] کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە. 25 خودا مەسیحی وەک کەفارەت[b] پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشی کردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا، 26 هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە.

27 بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ. 28 کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت. 29 ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە، 30 چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنە نەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات. 31 ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت[c] دەچەسپێنین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.