Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.
77 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،
دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، گوێم لێ بگرە.
2 لە ڕۆژی تەنگانەم بەدوای پەروەردگاردا دەگەڕێم،
بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.
گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.
3 بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم،
ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.[a]
4 پێڵووی چاوەکانمت گرت،
شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.
5 بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە،
ساڵانی ڕابردوو.
6 شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە،
ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:
7 «ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەت دەکەیتەوە؟
چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟
8 ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟
ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟
9 ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟
یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»
10 ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە:
دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»
11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،
بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و
بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.
13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.
چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و
هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،
نەوەی یاقوب و یوسف.
16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،
کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،
بگرە قووڵاییەکان هەژان.
17 هەورەکان ئاویان ڕشت،
هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،
هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،
بروسکەکان دنیاییان ڕووناک کردەوە،
زەوی لەرزی و هەژا.
19 ڕێگات بە ناو دەریادایە،
ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،
شوێن پێیەکانت نەزانران.
20 لەسەر دەستی موسا و هارون،
وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.
8 «بەڵام ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە داوام لە خودا دەکرد و
کێشەی خۆمم دەدایە دەست ئەو.
9 ئەوەی کارە مەزنەکانی کردووە کە ناپشکێنرێن و
کارە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ژماردن نایەن.
10 ئەوەی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت و
ئاو بۆ سەر ڕووی دەشتودەر دەنێرێت.
11 ئەوەی بێفیزەکان بەرزدەکاتەوە،
هەروەها خەمبارەکان بەرەو دڵنیایی دەبات.
12 ئەو تەگبیری تەڵەکەبازان پووچ دەکاتەوە
بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر دەستی ئەوان سەرکەوتوو نەبێت.
13 ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت،
ڕاوێژی تەڵەکەبازان ڕادەماڵێت.
14 لە ڕۆژدا تاریکی بەسەریاندا دێت،
لە نیوەڕۆشدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک بە شەو.
15 ئەو نەدار لە دەمی خراپەکار و
لە دەستی ستەمکار ڕزگار دەکات.
16 جا زەلیل بە هیوا دەبێت و
ناڕەوا دەمی دادەخات.
17 «سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە،
لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بە توانا ڕەت مەکەرەوە.
18 چونکە ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات،
وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە.
19 لە شەش بەڵا ڕزگارت دەکات و
لە حەوتەمیش خراپەت لێ ناکەوێت.
20 لە قاتوقڕیدا لە مردن دەتکڕێتەوە و
لە جەنگیشدا لە دەمی شمشێر.
21 لە خەنجەری زمان پارێزراو دەبیت،
کە وێرانە ڕووت تێ دەکات ناترسیت.
22 بە وێرانی و قاتوقڕی پێدەکەنیت و
لە ئاژەڵە دڕندەکان ناترسیت.
23 چونکە لەگەڵ بەردەکانی دەشتودەر پەیمانت دەبێت و
ئاژەڵە کێوییەکان ئاشتیت لەگەڵ دەبەستن.
24 جا دەزانیت کە ڕەشماڵەکەت سەلامەتە و
سەرژمێری ماڵەکەت دەکەیت و هیچت ون نەبووە.
25 ئەو کاتە دەزانیت کە منداڵت چەند زۆر دەبن و
نەوەکانت وەک گیای زەوی دەبن.
26 لەوپەڕی تەندروستیدا دەچیتە ناو گۆڕەوە
وەک هەڵگرتنی کۆڵێک لە کاتی خۆیدا.
27 «ئێمە لەمە وردبووینەوە و بینیمان کە ڕاستە،
جا تۆش گوێ بگرە و لە ژیانی خۆتدا پەیڕەوی بکە.»
بەرگەگرتنی ئازار لە پێناوی ڕاستی
8 لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و خۆشەویستی برایانەتان هەبێ، میهرەبان و ڕۆحسووک بن. 9 خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت، 10 چونکە
[ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆشبوێت و
ڕۆژگاری خۆش ببینێت،
با زمانی لە خراپە بپارێزێت و
لێوەکانی لە فێڵبازی.
11 با لە خراپە لابدات و چاکە بکات،
با بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت و کۆششی بۆ بکات،
12 چونکە چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و
گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
بەڵام ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە.][a]
13 کێ ئازارتان دەدات ئەگەر بۆ چاکە دڵگەرم بن؟ 14 بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. [مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.][b] 15 بەڵکو مەسیح وەک پەروەردگار لە دڵتاندا تەرخان بکەن، هەردەم ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری هەر یەکێک سەبارەت بەم هیوایەی لە ئێوەدایە، بەڵام بە دڵنەرمی و ڕێزەوە. 16 هەروەها ویژدانێکی باشتان هەبێت، هەتا ئەوانەی بوختان بە سەربوردە باشەکانتان دەکەن کە بەرهەمی یەکبوونتانە لەگەڵ مەسیح، لە قسەکانیان شەرمەزار بن، 17 چونکە باشترە، ئەگەر خواستی خودا بێت، لەبەر چاکەکاری ئازار بدرێن، نەک خراپەکاری. 18 لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە،
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.