Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 25:1-10

زەبوورێکی داود.

25 ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

    ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە.
ڕێ مەدە شەرمەزار بم،
    دوژمنانم پێ خۆش مەکە.
هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە
    شەرمەزار نابن،
بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن
    کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.

ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە،
    ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.
لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە،
چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت،
    بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.
ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت،
    چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.
ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و
    یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە،
بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە،
    لە پێناوی چاکی خۆت.

یەزدان چاک و سەرڕاستە،
    بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،
ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری،
    ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.
10 هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن
    بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.

زەبوورەکان 32

هۆنراوەیەکی داود.

32 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،
    گوناهەکانی داپۆشراوە.
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
    کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و
    لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.

کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،
    ئێسقانەکانم پووکانەوە،
    لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
چونکە بە شەو و بە ڕۆژ،
    دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،
    تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.[a]

ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و
    تاوانم ناشارمەوە.
گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»
    تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.

بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە
    لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،
    بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.
تۆ پەناگای منیت،
    لە تەنگانە دەمپارێزی و
    بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.

خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،
    ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،
    بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،
    بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،
    بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»

11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،
    ئەی دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!

مەتا 9:2-13

ئیفلیجێکیان هێنایە لای لەناو جێگا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.»

جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!»

عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ؟“ بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ. کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە.

عیسا بۆ گوناهباران هاتووە

کاتێک عیسا بەوێدا تێپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.

10 لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان دانیشتبوو، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی پاڵیان دایەوە. 11 کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»

12 جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 13 بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.][a] چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.