Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
35 ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن،
لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن.
2 سپەر[a] بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە،
ڕاپەڕە و بگە فریام.
3 ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە
لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن.
بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»
4 با ڕیسوا و شەرمەزار بن
ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن،
با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن
ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم.
5 با وەک کای بەر بایان لێ بێت،
فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت.
6 با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت،
فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت.
7 لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە،
بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم،
8 با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات،
با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە،
با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە.
9 ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت،
بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت.
10 هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن:
«ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟
تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن،
هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.»
بالاق بانگی بەلعام دەکات
22 ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە دەشتاییەکانی مۆئاب لەلای کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا چادریان هەڵدا.
2 کاتێک بالاقی کوڕی چیپور هەموو ئەو شتانەی بینی کە ئیسرائیل بە ئەمورییەکانی کرد، 3 مۆئاب لە گەلەکە تۆقی، چونکە زۆر بوون، مۆئاب بەهۆی نەوەی ئیسرائیل ترسی لێ نیشت.
4 مۆئابییەکان بە پیرەکانی میدیانیان گوت: «ئێستا ئەم ئاپۆرەی خەڵکە هەموو چواردەورمان دەلێسنەوە وەک چۆن گا سەوزایی کێڵگە دەلێسێتەوە.»
لەو سەردەمە بالاقی کوڕی چیپور پاشای مۆئاب بوو. 5 چەند نێردراوێکی بۆ لای بەلعامی کوڕی بەعۆر نارد بۆ پەتور کە نزیک ڕووباری فوراتە لە خاکی نەوەی گەلەکەی، بۆ ئەوەی بانگی بکات و بڵێت:
«وا گەلێک لە میسر هاتووە و ڕووی زەوی داپۆشیوە و لەتەنیشتم نیشتەجێیە. 6 ئێستاش وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم، چونکە لە من مەزنترن. بەڵکو بتوانم بیانشکێنم و لە خاکەکە دەریانبکەم، چونکە زانیومە ئەوەی داوای بەرەکەتی بۆ بکەیت بەرەکەتدار کراوە و ئەوەی نەفرەتی لێ بکەیت نەفرەت لێکراوە.»
7 پیرانی مۆئاب و پیرانی میدیان بە کرێی فاڵگرتنەوە بەڕێکەوتن و هاتنە لای بەلعام و بە وتەکانی بالاق لەگەڵیدا دوان.
8 ئەویش پێی گوتن: «ئەمشەو لێرە بمێننەوە، یەزدان چیم پێ بڵێت، ئاوا وەڵامتان دەدەمەوە.» ئینجا پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای بەلعام مانەوە.
9 ئینجا خودا هاتە لای بەلعام و فەرمووی: «ئەو پیاوانە کێن کە لەلاتن؟»
10 بەلعامیش بە خودای گوت: «بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب بەدوامدا ناردوویەتی و دەڵێت، 11 ”ئەو گەلەی لە میسرەوە هاتووە ڕووی زەوی داپۆشیوە. ئێستا وەرە و نەفرەتیان لێ بکە بۆم، هەتا بتوانم لەگەڵیاندا بجەنگم و دەریانبکەم.“»
12 بەڵام خودا بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵیاندا مەڕۆ و نەفرەت لە گەلەکە مەکە، چونکە بەرەکەتدارن.»
13 بەلعام بەیانی هەستا و بە پیاوە گەورەکانی بالاقی گوت: «بۆ خاکەکەتان بگەڕێنەوە، چونکە یەزدان ڕازی نەبوو ڕێم بدات لەگەڵتان بێم.»
14 پیاوە گەورەکانی مۆئابیش هەستان و هاتنە لای بالاق و گوتیان: «بەلعام ڕازی نەبوو لەگەڵماندا بێت.»
15 ئینجا بالاق دووبارە پیاوی گەورەی زۆرتر و بەڕێزتری لەوانەی پێشووتر نارد. 16 ئەوانیش هاتنە لای بەلعام و پێیان گوت:
«بالاقی کوڕی چیپور ئاوا دەڵێت: با هیچ شتێک ڕێت لێ نەگرێت بێیت بۆ لام، 17 چونکە پاداشتێکی گەورەت دەکەم، ئەوەی پێم بڵێی دەیکەم، ئێستا وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم.»
18 بەڵام بەلعام وەڵامی دایەوە و بە خزمەتکارانی بالاقی گوت: «ئەگەر بالاق بە پڕی کۆشکەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارم دەربچم، بۆ ئەوەی شتێکی بچووک یان گەورە بکەم. 19 ئێوەش ئێستا ئەمشەو لێرە بمێننەوە، هەتا بزانم یەزدان ئەم جارە چیم پێ دەڵێت.»
20 خودا لە شەودا هاتە لای بەلعام و پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەو پیاوانە هاتوون هەتا بانگت بکەن، هەستە و لەگەڵیاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.»
ماکەری بەلعام
21 بەلعامیش بەیانی هەستا و ماکەرەکەی کورتان کرد و لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب بەڕێکەوت.
لە ئۆرشەلیم
17 کاتێک گەیشتینە ئۆرشەلیم، برایان بە خۆشییەوە پێشوازییان لێکردین. 18 ڕۆژێک دواتر پۆڵس لەگەڵمان هاتە لای یاقوب[a]، هەموو پیرانیش ئامادەبوون. 19 پۆڵس سڵاوی لێکردن و یەک بە یەکی ئەوەی پێ ڕاگەیاندن کە خودا لەنێو نەتەوەکاندا لە ڕێگەی خزمەتەکەی کردوویەتی.
20 کە گوێیان لێبوو، ستایشی خودایان کرد و پێیان گوت: «برا دەبینیت کە هەزاران کەس لەناو جولەکەدا باوەڕیان هێناوە و هەموو دڵگەرمی تەوراتن. 21 وایان بیستووە کە تۆ هەموو ئەو جولەکانەی لەنێو نەتەوەکاندان فێری هەڵگەڕانەوەیان دەکەیت لە موسا و پێیان دەڵێی منداڵانیان خەتەنە نەکەن و بەگوێرەی نەریت نەژین. 22 کەواتە چی بکرێت؟ بێگومان دەبیستن کە تۆ هاتوویت، 23 جا ئەوە بکە کە پێت دەڵێین: چوار پیاومان لەلایە نەزریان لەسەرە، 24 بیانبە و لەگەڵیان خۆت پاک بکەرەوە و نرخی سەرتاشینەکەیان بۆ بدە، ئەوسا هەموو دەزانن ئەوەی دەربارەی تۆ پێیان گوتراوە ڕاست نییە، تۆش بە پاراستنی تەورات دەڕۆیت. 25 دەربارەی ناجولەکەکانیش کە باوەڕیان هێناوە، نامەیەکمان ناردووە و فەرمانمان کرد خۆیان لە قوربانی بت و لە خوێن، لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و لە داوێنپیسی بپارێزن.»
26 بۆ بەیانی پۆڵس پیاوەکانی برد و لەگەڵیان خۆی پاک کردەوە، چووە ناو پەرستگا تاکو تێبینی بدات بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژانی پاکبوونەوە، تاکو لە جیاتی هەر یەکێکیان قوربانییەکەی بکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.