Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
5 ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە،
چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت.
6 تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە،
پەناگای منە، نالەقێم.
7 ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە،
تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە.
8 هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن،
دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵڕێژن،
چونکە خودا پەناگای ئێمەیە.
9 ئادەمیزاد تەنها هەناسەیەکە،
مرۆڤ تەنها درۆیەکە،
ئەگەر بخرێنە تای تەرازوو هیچ نین،
هەموو پێکەوە تەنها هەناسەیەکن.
10 پشت بە زۆرداری مەبەستن،
پۆز بە ماڵی دزراوەوە لێمەدەن.
ئەگەر سامانتان زیادی کرد،
دڵی خۆتانی پێوە مەبەستن.
11 جارێک خودا فەرموویەتی،
دوو جار بیستوومە[a]:
کە هێز هەر هی خودایە،
12 هەروەها کە خۆشەویستی نەگۆڕ هەر هی تۆیە، ئەی پەروەردگار.
بێگومان تۆش، هەرکەسێک
بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت دەدەیتەوە.
14 نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم!
با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
15 نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم،
زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی:
«کوڕێکت بوو!»
16 با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت
کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد.
با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت،
نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
17 چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم،
جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و
سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
18 بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟
ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟
ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟
13 «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێتسەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی[a] لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، هەر زوو بە جلوبەرگی گوش[b] و لەناو خۆڵەمێش دادەنیشتن و تۆبەیان دەکرد. 14 بەڵام لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سور و سەیدا سزای سووکتریان دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە. 15 تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان[c] دەچیتە خوارەوە.
16 «ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.