Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن، بۆ داود.
69 ئەی خودایە، ڕزگارم بکە،
چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.
2 لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم،
جێی پێی تێدا نییە.
چوومەتە ناو قووڵایی ئاو،
لافاو ڕایماڵیوم.
3 ماندوو بووم لە هاوارکردن،
گەرووم ژان دەکات،
چاوەکانم کز بوون
هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.
4 ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە
لە مووی سەرم زۆرترن،
زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن،
ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن.
ئەوەی نەمدزیوە
ئێستا دەبێت بیدەمەوە.
5 ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت،
تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین.
30 بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
31 ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
32 هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
ئەی ئەوانەی بەدوای خودا دەگەڕێن، با دڵتان ببووژێتەوە!
33 چونکە یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.
34 با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
35 چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
36 دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.
14 مەترسە ئەی یاقوبی کرم،
ئەی ئیسرائیلی بچووک،
من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە،
ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
15 «ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی
تیژی نوێی دداندار.
چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت،
گردەکان وەک کا لێ دەکەیت.
16 شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت،
ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات،
بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت،
شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت.
17 «کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە،
لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو.
بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم،
خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم.
18 ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم،
کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم.
چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو،
زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو.
19 داری ئورز و ئەکاسیا[a] و مۆرد[b] و زەیتوون
لە چۆڵەوانی دەڕوێنم،
داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە
لە بیابان دادەنێم،
20 بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و
سەرنج بدەن و تێبگەن
کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.»
بەرخی قوربانی خودا
29 بۆ بەیانی یەحیا بینی عیسا دێتە لای، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات! 30 ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد، پیاوێک دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە. 31 منیش نەمدەناسی، بەڵام تاکو ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت، لەبەر ئەوە هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم.»
32 یەحیا شایەتی دا: «بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. 33 من نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم، پێی گوتم: ”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە، ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت[a].“ 34 خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.