Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن، بۆ داود.
69 ئەی خودایە، ڕزگارم بکە،
چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.
2 لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم،
جێی پێی تێدا نییە.
چوومەتە ناو قووڵایی ئاو،
لافاو ڕایماڵیوم.
3 ماندوو بووم لە هاوارکردن،
گەرووم ژان دەکات،
چاوەکانم کز بوون
هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.
4 ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە
لە مووی سەرم زۆرترن،
زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن،
ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن.
ئەوەی نەمدزیوە
ئێستا دەبێت بیدەمەوە.
5 ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت،
تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین.
30 بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
31 ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
32 هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
ئەی ئەوانەی بەدوای خودا دەگەڕێن، با دڵتان ببووژێتەوە!
33 چونکە یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.
34 با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
35 چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
36 دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.
پەیمانی خەتەنەکردن
17 کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە. 2 پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.»
3 ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو: 4 «لەلایەنی منەوە، ئەمەش پەیمانەکەمە لەگەڵ تۆ، تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە. 5 ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم، چونکە من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە. 6 زۆر زۆریش بەردارت دەکەم، پێم داویت ببیتە چەندین نەتەوە و چەندین پاشات لێ بکەوێتەوە. 7 پەیمانی خۆم دەچەسپێنم لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی دوای خۆت لە نەوەکانیان، پەیمانێکی هەتاهەتایی، کە ببمە خودای تۆ و نەوەی دوای خۆت. 8 ئەو خاکەی کۆچی تێدا دەکەیت، دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت، هەموو خاکی کەنعان، موڵکێکی هەتاهەتایی، منیش دەبمە خودایان.»
9 ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش پەیمانەکەم بەجێدەهێنیت، خۆت و نەوەی دوای خۆت، لە نەوەکانیان. 10 ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت، هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن. 11 خۆتان خەتەنە دەکەن، ئەمەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە. 12 هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە. 13 دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت.
نموونەی ئیبراهیم
4 ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیمی باوکمان بەگوێرەی جەستە چی دۆزییەوە؟ 2 ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا. 3 ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.][a]
4 ئەوەی کار دەکات، کرێیەکەی مافی خۆیەتی و بەخشینێکی ناشایستە نییە. 5 بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت. 6 وەک داود دەڵێت، لە خۆزگەخواستن بەو مرۆڤەی کە خودا بێ کردار ڕاستودروستی بۆ دادەنێت:
7 [خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون،
گوناهەکانیان داپۆشراون.
8 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.][b]
9 ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنە نەکراوانیشە؟ چونکە دەڵێین، باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا. 10 کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن! 11 ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت. 12 هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.