Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
148 هەلیلویا!
ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
2 ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
3 ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
4 ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.
5 با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
6 هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
7 لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
8 ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
9 چیاکان و هەموو گردەکان،
داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
پیران و منداڵان.
13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.
هەلیلویا.
پێشەکی: ئامانج و بابەت
1 پەندەکانی سلێمانی کوڕی داود، پاشای ئیسرائیل،
2 بۆ زانینی دانایی و تەمبێکردن،
بۆ پەیبردن بە وشەکانی تێگەیشتن،
3 بۆ وەرگرتنی تەمبێکردن و وریایی،
ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی،
4 بۆ بەخشینی ژیری بە ساویلکە،
بە لاویش زانیاری و سەلیقە[a].
5 دانا گوێی لێ دەگرێت و فێربوونی زیاد دەبێت،
تێگەیشتووش ڕاوێژی باشی دەست دەکەوێت،
6 بۆ تێگەیشتنی پەند و نموونە،
قسەی دانایان و مەتەڵەکانیان.
7 لەخواترسی سەرەتای زانیارییە،
بەڵام گێلەکان سووکایەتی بە دانایی و تەمبێکردن دەکەن.
دانایی خودایی
13 کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی کردارەکانی پیشان بدات کە بە بێفیزییەک کە لە داناییەوە سەرچاوەی گرتبێت. 14 بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن. 15 ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە، 16 چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.
17 بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر نییە، دووڕوو نییە. 18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.