Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ב (بێت)
9 گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
بە پاراستنی وشەکانت.
10 بە هەموو دڵەوە بەدوای تۆدا دەگەڕێم،
مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
11 وشەکانی تۆم لەناو دڵم شاردووەتەوە،
تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
12 ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
13 بە لێوەکانی خۆم،
باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
14 بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
15 لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
16 بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.
سوودی دانایی
2 ڕۆڵە، ئەگەر قسەکانم وەربگریت،
فەرمانەکانم لەلای خۆت هەڵبگریت،
2 هەتا گوێ بدەیتە دانایی و
دڵت بدەیتە تێگەیشتن،
3 ئەگەر بانگی پەیبردن بکەیت و
دەنگ بۆ تێگەیشتن هەڵبڕیت،
4 ئەگەر وەک زیو داوات کرد و
وەک خشڵی شاردراوە بەدوایدا گەڕایت،
5 ئەوسا لە واتای لەخواترسی دەگەیت و
ناسینی خودا دەدۆزیتەوە.
6 چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت،
زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە.
7 دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و
قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر،
8 بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و
پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی.
9 ئینجا ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی تێدەگەیت،
هەموو ڕێڕەوێکی چاک.
10 چونکە دانایی دێتە ناو دڵتەوە و
زانیاریش دەبێتە خۆشی دەروونت.
11 سەلیقە دەتپارێزێت و
تێگەیشتن چاودێریت دەکات.
12 بۆ فریاکەوتنت لە ڕێگای خراپە و
لەو کەسەی قسەی خوار دەکات،
13 ئەوانەی ڕێچکەی ڕاستیان بەرداوە
تاکو بە ڕێگای تاریکیدا بڕۆن،
14 ئەوانەی دڵخۆشن بە خراپەکردن،
دڵشاد دەبن بە خواروخێچیێتی خراپە،
15 ئەوانەی ڕێچکەکانیان چەوتن،
گەوجن لە ڕێڕەویان.
ژن هێنان و تەڵاقدان
19 کاتێک عیسا لەم قسانە بووەوە، جەلیلی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا، لە پشت ڕووباری ئوردون. 2 خەڵکێکی زۆر دوای کەوت، ئەویش لەوێ چاکیکردنەوە.
3 هەندێک فەریسی هاتنە لای بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە، گوتیان: «ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟»
4 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە، ئەوەی لە سەرەتاوە بەدیهێناوە [بە نێر و مێ بەدیهێنان][a]؟ 5 هەروەها فەرمووی: [لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.][b] 6 کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
7 لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موسا فەرمانی داوە تەڵاقنامە بدرێت و تەڵاق بکەوێت؟»
8 پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان موسا ڕێی پێدان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، ئەگینا لە سەرەتاوە وا نەبوو. 9 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»
10 قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت، باشترە ژن نەهێنێت!»
11 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، تەنها ئەوانەی پێیان دراوە. 12 خەساو هەن زگماکن، خەساویش هەن مرۆڤ خەساندویانن[c]، خەڵکیش هەیە بڕیاریان داوە لە پێناوی شانشینی ئاسمان وەک خەساو بژین[d]. کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.