Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ב (بێت)
9 گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
بە پاراستنی وشەکانت.
10 بە هەموو دڵەوە بەدوای تۆدا دەگەڕێم،
مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
11 وشەکانی تۆم لەناو دڵم شاردووەتەوە،
تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
12 ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
13 بە لێوەکانی خۆم،
باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
14 بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
15 لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
16 بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.
21 ئەگەر نەزرێکت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد بەجێهێنانی دوا مەخە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لێت داوا دەکات، جا بەسەرتەوە دەبێتە گوناه. 22 بەڵام ئەگەر نەزرت نەکرد ئەوا گوناه نییە بەسەرتەوە. 23 ئەوەی لە دەمت هاتە دەرەوە بیپارێزە و بیکە، چونکە ئازادانە بە دەمی خۆت نەزرت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد.
24 ئەگەر چوویتە ناو ڕەزەمێوی دراوسێکەت پڕ بە حەزی دڵت ترێ بخۆ هەتا تێر دەبیت، بەڵام هیچ مەکە ناو توورەکەکەتەوە. 25 ئەگەر چوویتە ناو دەغڵی دراوسێکەت دەتوانیت بە دەستت گوڵەگەنم لێ بکەیتەوە، بەڵام داس لە دەغڵی دراوسێکەت بەرز مەکەرەوە.
24 ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و پەسەند نەبوو لەبەرچاوی، چونکە بێ ئابڕووییەکی تێدا بینی و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی، لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد، 2 ئەویش کە لە ماڵەکەی چووە دەرەوە، بووە ژنی پیاوێکی دیکە، 3 جا ئەگەر پیاوەکەی دووەم ڕقی لێی بووەوە و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی و لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد، یان ئەگەر پیاوەکەی دووەم کە هێنابووی مرد، 4 ئەوا مێردەکەی یەکەمی کە تەڵاقی دابوو ناتوانێت بیهێنێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ژنی دوای ئەوەی گڵاو بووە. ئەوە شتێکی قێزەونە لەلای یەزدان، جا گوناه مەهێنە سەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بە میرات دەتداتێ.
10 ئەگەر قەرزت بە دراوسێکەت دا، مەچۆ ماڵەکەی هەتا شتێکی ماڵەکەی بکەیتە بارمتە[a]، 11 لە دەرەوە دەوەستیت و ئەو پیاوەی قەرزی پێدەدەیت بارمتەکەت بۆ دەهێنێتە دەرەوە. 12 ئەگەر کابرا هەژار بوو با بارمتەکە بۆ شەو لەلات نەمێنێتەوە، 13 لەگەڵ ئاوابوونی خۆر بارمتەکەی بۆ بگەڕێنەوە هەتا لەناو جلوبەرگەکەی بنووێت و داوای بەرەکەتت بۆ بکات و بۆت ببێتە کارێکی ڕاست لەلای یەزدانی پەروەردگارت.
14 زوڵم لە کرێگرتەیەکی هەژار و نەدار مەکە، کە لە براکانت بێت یان لەو نامۆیانەی لە یەکێک لە شارۆچکەکانی خاکەکەتن. 15 لە ڕۆژی خۆی کرێیەکەی دەدەیتێ، پێش ئاوابوونی خۆر، چونکە هەژارە و بۆ ئەمە خۆی هەڵگرتووە، نەوەک لەسەر تۆ هاوار بۆ یەزدان بکات، جا دەبێت بە گوناه بەسەرتەوە.
بە جیاوازی هەڵسوکەوت مەکەن
2 ئەی خوشکان و برایانم، ئێمەی باوەڕداران بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، نابێت جیاکاری لەنێوان خەڵکی بکەین. 2 ئەگەر پیاوێک هاتە ناو کۆڕەکەتان، ئەنگوستیلەی زێڕی لە پەنجە بوو و بەرگی نایاب بوو، هەروەها هەژارێکیش بە بەرگی پیس، 3 تەماشای بەرگە نایابەکەتان کرد و گوتتان: «لێرە دانیشە باشە،» بە هەژارەکەش بڵێن: «لەوێ ڕابوەستە» یان «لەبەرپێم دانیشە،» 4 ئایا لەنێوان خۆتاندا جیاکاری ناکەن و بە بیری خراپ حوکم بەسەر یەکدا نادەن؟
5 خوشک و برا خۆشەویستەکانم، گوێ بگرن: ئایا خودا هەژارانی ئەم جیهانەی هەڵنەبژاردووە لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشین بن کە بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت؟ 6 بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد. ئایا دەوڵەمەندەکان نین خۆیان بەسەرتاندا دەسەپێنن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟ 7 ئایا ئەوان نین کفر بەو ناوە چاکە دەکەن کە پێی بانگکراون؟
8 ئەگەر بەڕاستی شەریعەتی شاهانەتان هێناوەتە دی کە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکە دەڵێ: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،][a] چاک دەکەن. 9 بەڵام ئەگەر جیاکاری بکەن، ئەوا گوناه دەکەن و وەک سەرپێچیکار لەلایەن شەریعەتەوە سەرزەنشت دەکرێن، 10 چونکە ئەوەی هەموو شەریعەت بەجێبهێنێت، بەڵام تەنها بەندێکی بشکێنێت، ئەوا لە هەمووی تاوانبارە. 11 ئەوەی فەرموویەتی: [داوێنپیسی مەکە،][b] هەروەها فەرمووشیەتی: [مەکوژە.][c] ئەگەر داوێنپیسیت نەکرد بەڵام یەکێکت کوشت، ئەوا سەرپێچی شەریعەتت کردووە.
12 ئاوا بدوێن و ئاوا کار بکەن، وەک بە شەریعەتی ئازادی حوکم بدرێن، 13 چونکە حوکمدان بێ بەزەییانەیە بۆ ئەو کەسەی کە بێ بەزەیی بووە، بەڵام بەزەیی بەسەر حوکمداندا سەردەکەوێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.