Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ב (بێت)
9 گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
بە پاراستنی وشەکانت.
10 بە هەموو دڵەوە بەدوای تۆدا دەگەڕێم،
مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
11 وشەکانی تۆم لەناو دڵم شاردووەتەوە،
تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
12 ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
13 بە لێوەکانی خۆم،
باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
14 بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
15 لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
16 بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.
دە ڕاسپاردەکە
20 خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:
2 «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
3 «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
4 «پەیکەر[a] بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. 5 کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم[b]، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، 6 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.
7 «ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن[c]، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.
8 «ڕۆژی شەممەتان[d] لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن. 9 شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 10 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن. خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، 11 چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.
12 «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
13 «مەکوژن[e].
14 «داوێنپیسی مەکەن.
15 «دزی مەکەن.
16 «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
17 «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
18 کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد، گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو، لەرزین و لە دوورەوە وەستان. 19 بە موساشیان گوت: «تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین. با خودا لەگەڵمان نەدوێت، نەوەک بمرین.»
20 موساش بە گەلی گوت: «مەترسن، چونکە خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناه نەکەن.»
21 گەل لە دوورەوە وەستان و موساش لە تەمە چڕەکە نزیک بووەوە، ئەوەی خودا لەوێ بوو.
تاقیکردنەوە لە دەرەوە
2 خوشکان و برایانم، بەوپەڕی خۆشیی دابنێن، کاتێک دەکەونە جۆرەها تاقیکردنەوەوە و ناخۆشی، 3 چونکە دەزانن تاقیکردنەوەی باوەڕتان دانبەخۆداگرتن دروستدەکات. 4 با دانبەخۆداگرتن تەواو کاری خۆی هەبێت، تاکو تەواو و پێگەیشتوو بن، کەموکوڕیتان لە هیچ شتێکدا نەبێت. 5 ئەگەر یەکێکتان لە دانایی کەموکوڕی هەیە، با داوا لە خودا بکات، کە بە دڵفراوانی بە هەمووان دەبەخشێت و گلەییش ناکات، پێشی دەبەخشرێت. 6 بەڵام با بە باوەڕەوە داوا بکات و گومان نەکات، چونکە ئەوەی گومان دەکات وەک شەپۆلی دەریا وایە، با دەیهێنێت و دەیبات. 7 ئەو مرۆڤە با بیرنەکاتەوە کە شتێک لە مەسیحی باڵادەستەوە وەردەگرێت، 8 چونکە مرۆڤی ڕاڕا، لە هەموو ڕێگاکانی چەسپاو نییە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.