Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
א (ئەلف)[a]
119 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە،
ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.
2 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن،
بە هەموو دڵەوە بەدوایدا دەگەڕێن.
3 هەروەها خراپە ناکەن و
بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.
4 تۆ ڕێنماییەکانت داوە،
بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.
5 خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە
لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!
6 ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم،
کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.
7 بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم،
کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
8 فەرزەکانت بەجێدەهێنم،
بە تەواوی وازم لێ مەهێنە.
34 ئەوسا زەوی پشووی ساڵەکانی[a] خۆی وەردەگرێت، هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی، ئێوەش لە خاکی دوژمنەکانتان دەبن، ئەوسا زەوی پشوو دەدات، سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت. 35 هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی پشوو دەدات، ئەو پشووانەی کە ئێوە پێتان نەدەدا، کاتێک تێیدا نیشتەجێ بوون.
36 «”ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە، ئەوا ترسنۆکی دەخەمە دڵیان لە خاکی دوژمنانیان و دەنگی گەڵایەکی هەڵوەریو دەیانبەزێنێت، جا وەک لە شمشێر هەڵبێن ئاوا هەڵدێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت دەکەون. 37 بەسەر یەکتردا دەکەون هەروەک لە شمشێر هەڵبێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت، لەبەردەم دوژمنەکانتان هەستانەوەتان نابێت، 38 جا لەنێو گەلان لەناودەچن و خاکی دوژمنانتان دەتانخوات. 39 ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە ئەوا لە خاکی دوژمنانتان بە گوناهەکانیانەوە لەناودەچن، هەروەها بە گوناهی باوکانیشیانەوە لەناودەچن.
40 «”بەڵام ئەگەر دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و باوک و باپیرانیاندا نا، لەو ناپاکییەی لەگەڵ من کردیان کە بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە، 41 لەبەر ئەوە منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵیاندا جوڵامەوە و ئەوانم بردە خاکی دوژمنانیان هەتا دڵە خەتەنە نەکراوەکانیان بێفیز بێت و باجی گوناهەکانیان بدەنەوە، 42 ئەوا پەیمانەکەم لەگەڵ یاقوب بەبیر دێتەوە. هەروەها پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاق و پەیمانەکەم لەگەڵ ئیبراهیم و خاکەکەشم بەبیر دێتەوە. 43 خاکەکەش لەلایەن ئەوانەوە چۆڵ دەکرێت و سوود لە پشووەکانی[b] وەردەگرێت کاتێک بەبێ ئەوان چۆڵەوانییە. ئەوانیش باجی گوناهەکانیان دەدەنەوە، چونکە یاساکانی منیان ڕەتکردەوە و لە ناخەوە قێزیان لە فەرزەکانم بووەوە. 44 بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لە خاکی دوژمنانیان بوون، ڕەتم نەکردنەوە و قێزم لێیان نەکردەوە، هەتا بە تەواوی لەناویان ببەم و پەیمانم لەگەڵیان بشکێنم، چونکە من یەزدانی پەروەردگاریانم. 45 بەڵکو لە پێناویان یادی ئەو پەیمانەیان بۆ دەکەمەوە کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم، ئەوانەی لەبەرچاوی نەتەوەکان لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا ببمە خودای خۆیان. من یەزدانم.“»
46 ئەوانە فەرز و یاسا و ڕێنماییەکان بوون کە یەزدان لەنێوان خۆی و نەوەی ئیسرائیلدا داینا، لە شاخی سینا لەسەر دەستی موسا.
خۆشەویستی ڕاستودروست
7 خۆشەویستان، ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ نانووسم، بەڵکو ڕاسپاردەیەکی کۆن کە هەر لە سەرەتاوە هەتانبوو. ڕاسپاردە کۆنەکە ئەو پەیامەیە کە لە سەرەتادا گوێتان لێی بوو. 8 لەگەڵ ئەوەشدا ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ دەنووسم، ئەو ڕاستییەی کە لە مەسیح و ئێوەدا هەیە، چونکە تاریکی بەسەردەچێت، وا ڕووناکییە ڕاستەقینەکە پڕشنگ دەداتەوە.
9 ئەوەی گوتی: «من لە ڕووناکیدام» و ڕقی لە خوشکی یان لە براکەی ببێتەوە، ئەوە هەتا ئێستا لە تاریکیدایە. 10 هەرکەسێک خوشکی یان براکەی خۆشبوێ، ئەوا لە ڕووناکیدا دەژیێت و هیچ شتێکی تێدا نییە کە تووشی گوناهیان بکات. 11 بەڵام ئەوەی ڕقی لە برای خۆی ببێتەوە، لە تاریکیدایە و بە تاریکیدا دەڕوات، نازانێت بۆ کوێ مل دەنێت، چونکە تاریکی چاوی کوێر کردووە.
12 ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوە دەنووسم
چونکە لەبەر ناوی ئەو گوناهەکانتان بەخشرا.
13 ئەی باوکان، بۆ ئێوە دەنووسم
چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە.
ئەی لاوان، بۆ ئێوە دەنووسم
چونکە بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.
14 ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوەم نووسی
چونکە خودای باوک دەناسن.
ئەی باوکان، بۆ ئێوەم نووسی
چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە.
ئەی لاوان، بۆ ئێوەم نووسی
چونکە بەهێزن،
پەیامی خوداتان تێدا چەسپاوە و
بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.
15 نە جیهانتان خۆشبوێت، نە ئەو شتانەی لە جیهاندایە. ئەگەر یەکێک جیهانی خۆشبوێ، ئەوا خۆشەویستی باوکی تێدا نییە. 16 لەبەر ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە جیهاندایە، ئارەزووی جەستە و ئارەزووی چاو و سەڵتەنەتی ژیانە، ئەمانەش لە باوکەوە نین، بەڵکو لە جیهانەوەن. 17 جیهان و ئارەزووەکانی بەسەردەچن، بەڵام ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ دەکات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.