Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
א (ئەلف)[a]
119 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە،
ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.
2 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن،
بە هەموو دڵەوە بەدوایدا دەگەڕێن.
3 هەروەها خراپە ناکەن و
بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.
4 تۆ ڕێنماییەکانت داوە،
بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.
5 خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە
لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!
6 ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم،
کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.
7 بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم،
کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
8 فەرزەکانت بەجێدەهێنم،
بە تەواوی وازم لێ مەهێنە.
ئیسحاق و ئەبیمەلەخ
26 ئینجا قاتوقڕی لە خاکەکە سەریهەڵدا، جیا لەو قاوتوقڕییەی یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیم ڕوویدا. ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار. 2 یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی: «مەچووە میسر، بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم. 3 بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە، خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم، چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت، ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە. 4 نەوەشت زۆر دەکەم، وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت، لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن. 5 لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو، داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.»
تاقیکردنەوە لە ژوورەوە
12 خۆزگە دەخوازرێت بەوەی بەرگەی تاقیکردنەوە دەگرێت، چونکە کە سەلمێنرا تاجی ژیان وەردەگرێت، ئەوەی خودا بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت. 13 کاتێک کەسێک تاقی دەکرێتەوە، با نەڵێت: «لەلایەن خوداوە تاقی دەکرێمەوە،» چونکە خودا لە کاری خراپەدا تاقی ناکرێتەوە، ئەویش کەس بەو شێوەیە تاقی ناکاتەوە. 14 بەڵام هەرکەسێک بەو ئارەزووە خراپەی کە هەیەتی تاقی دەکرێتەوە، ئەگەر پێی ڕاکێشرا و هەڵخەڵەتا. 15 کە ئارەزووی خراپ سک بکات گوناهی لێ دەبێت، گوناهیش کە گەشەی کرد مردن بەرهەم دێنێت.
16 برایانی خۆشەویستم، هەڵمەخەڵەتێن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.