Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
148 هەلیلویا!
ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
2 ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
3 ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
4 ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.
5 با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
6 هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
7 لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
8 ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
9 چیاکان و هەموو گردەکان،
داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
پیران و منداڵان.
13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.
هەلیلویا.
18 ئینجا موسا گوتی: «شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.»
19 ئەویش فەرمووی: «هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم. من کە ناوم یەزدانە، لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم. میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»[a] 20 هەروەها فەرمووی: «ناتوانیت ڕووم ببینیت، چونکە کەس نییە بمبینێت و بژیێت.»
21 هەروەها یەزدان فەرمووی: «ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە. 22 کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت، ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم، 23 دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت، بەڵام ڕووم نابینرێت.»
1 ئێمە ئەمە ڕادەگەیەنین سەبارەت بە وشەی[a] ژیان، ئەوەی لە سەرەتاوە بوو، ئەوەی گوێمان لێی بوو، ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان، ئەوەی تەماشامان کرد و دەستمان لێیدا. 2 ژیانەکە دەرکەوت، ئێمە بینیومانە و شایەتی بۆ دەدەین، ژیانە هەتاهەتاییەکەتان بۆ ڕادەگەیەنین، ئەو ژیانەی کە لەلای باوکی ئاسمانی بوو و بۆ ئێمە دەرکەوت. 3 ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە بە ئێوەی ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتر بژین، پێکەوە ژیانی ئێمەش پەیوەستە لەگەڵ باوکی ئاسمانی و عیسای مەسیحی کوڕی. 4 ئێمە ئەمانەتان بۆ دەنووسین تاکو خۆشییەکەمان پڕ و تەواو بێت.
خودا ڕووناکییە
5 ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین: خودا ڕووناکییە، هیچ تاریکی تێدا نییە. 6 ئەگەر بڵێین پێکەوە ژیانمان لەگەڵی هەیە و بە تاریکیدا بڕۆین، ئەوا درۆ دەکەین و ڕاست ناکەین، 7 بەڵام ئەگەر بە ڕووناکیدا بڕۆین، هەروەک چۆن خودا لە ڕووناکیدایە، ئەوا لەگەڵ یەکتری پێکەوە دەژین و خوێنی عیسای کوڕی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە.
8 ئەگەر بڵێین گوناهمان نییە، ئەوا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و ڕاستی لە ئێمەدا نییە. 9 ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا، ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە، تەنانەت لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.