Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 148

148 هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
    لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
    ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.

با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
    فەرزی داناوە بەسەرناچێت.

لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
    ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
    ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
چیاکان و هەموو گردەکان،
    داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
    خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
    میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
    پیران و منداڵان.

13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
    شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
    تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
    نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.

هەلیلویا.

یەرمیا 26:1-9

مەترسی یەرمیا

26 لە سەرەتای پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەو پەیامەم لەلایەن یەزدانەوە بۆ هات: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لە حەسارەکەی ماڵی یەزدان بوەستە و ئەو پەیامە بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا ڕابگەیەنە، کاتێک دێنە ماڵی یەزدان بۆ کڕنۆش بردن. ئەو پەیامەی کە فەرمانم پێ کردیت یەک وشەی لێ کەم نەکەیتەوە. بەڵکو گوێیان لێ بێت و بگەڕێنەوە، هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی، منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بە نیاز بووم لەبەر خراپی کردەوەکانیان بەسەریان بهێنم. پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر گوێ لە من نەگرن و فێرکردنەکەم پەیڕەو نەکەن کە لەبەردەمی ئێوە دامناوە، هەروەها ئەگەر گوێ لە قسەی بەندە پێغەمبەرەکانم نەگرن، ئەوانەی من بە بەردەوامی بۆم دەناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت، ئەوا ئەم ماڵە وەک شیلۆ لێ دەکەم و ئەم شارەش دەکەم بە مایەی نەفرەت بۆ هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.“»

جا کاهینەکان و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل گوێیان لێ بوو یەرمیا لە ماڵی یەزدان ئەم پەیامەی ڕاگەیاند. کاتێک یەرمیا لە قسەکردن بووەوە، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکردبوو بە هەموو گەلی ڕابگەیەنێت، کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل گرتییان و گوتیان: «دەبێ بمریت! بۆچی بە ناوی یەزدانەوە پێشبینیت کرد و گوتت کە ئەم ماڵە وەک شیلۆی لێدێت، ئەم شارەش وێران دەبێت و ئاوەدانی تێدا نابێت؟» ئینجا هەموو گەل لە ماڵی یەزدان لە یەرمیا کۆبوونەوە.

یەرمیا 26:12-15

12 یەرمیاش بە پیاوە گەورەکان و هەموو گەلی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ماڵە و ئەم شارە پێشبینی بکەم، بە هەموو ئەو وشانەی گوێتان لێ بوو. 13 ئێستاش ڕەفتار و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، ئەویش پاشگەز دەبێتەوە لەو بەڵایەی سەبارەت بە ئێوە فەرموویەتی. 14 بەڵام من لەبەردەستتانم، ئەوەی پێتان باشە و ڕاستە بە منی بکەن. 15 بەڵام باش بزانن ئەگەر من بکوژن، ئەوا خوێنێکی بێتاوان دەخەنە ئەستۆی خۆتان و ئەم شارە و دانیشتووانەکەی، چونکە بەڕاستی یەزدان منی بۆ ئێوە ناردووە تاکو هەموو ئەم قسانە بەبەر گوێتاندا بدەم.»

کردار 6:8-15

گرتنی ستیفانۆس

ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا، پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد. جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان، لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان، هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد. 10 بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو.

11 بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.»

12 ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا، هاتنە سەری و گرتییان، بۆ سەنهەدرینیان هێنا. 13 شایەتی درۆزنیان دانا، دەیانگوت: «ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە[a] و تەورات، 14 ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.»

15 جا هەموو ئەوانەی لە سەنهەدرین دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.

کردار 7:51-60

51 «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنە نەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! 52 باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان[a] دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. 53 ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»

کوشتنی ستیفانۆس

54 کاتێک گوێیان لەمانە بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە. 55 بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستە ڕاستی خودا وەستابوو. 56 گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستە ڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»

57 بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا، 58 بردییانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان لەبەرپێی گەنجێک داکەند ناوی شاول بوو.

59 کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!» 60 ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست[b].

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.