Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 96

96 گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ،
    گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی.
گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن،
    ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،
    لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.

چونکە یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،
    سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،
    بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،
    هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان.

ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،
    ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
    دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی.
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە،
    ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن.
10 لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!
    جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت،
    بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.»

11 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،
    با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
12     با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن،
13     لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت،
    چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی،
    گەلانیش بە دڵسۆزی.

سەفەنیا 3:8-13

یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە چاوەڕێم بکەن،
    هەتا ئەو ڕۆژەی هەڵدەستم بۆ شایەتیدان،
چونکە بڕیارم دا نەتەوەکان کۆبکەمەوە،
    پاشایەتییەکان خڕبکەمەوە،
هەتا هەڵچوونم بەسەریاندا هەڵڕێژم،
    هەموو گڕی تووڕەییم،
بە ئاگری ئیرەییم
    هەموو زەوی هەڵدەلووشێت.

چاکسازی پاشماوەی ئیسرائیل

«ئینجا لێوی هەموو گەلان پاک دەکەمەوە،
    هەتا هەموویان بە ناوی یەزدانەوە نزا بکەن،
    تاکو هاوشانی یەکتر خزمەتی بکەن.
10 لەوبەری ڕووبارەکانی کوشەوە
    ئەوانەی دەمپەرستن، گەلە پەرتوبڵاوکراوەکەم،
    دیارییەکانم پێشکەش دەکەن.
11 لەو ڕۆژەدا بەهۆی کردەوەکانت سەرشۆڕ نابیت
    کە پێیان لە من یاخی بوویت،
چونکە من لەم شارە دایاندەماڵم،
    ئەوانەی بە لووتبەرزییان دڵخۆشن.
ئیتر ناگەڕێیتەوە بۆ سەر لووت بەرزی
    لە کێوی پیرۆزم.
12 بەڵام گەلێکت تێدا دەهێڵمەوە
    سادە و ساکار،
    پشت بە ناوی یەزدان دەبەستێت.
13 پاشماوەی ئیسرائیلیش چیدی خراپە ناکەن،
    درۆ ناکەن،
    لە دەمیاندا زمانی هەڵخەڵەتێنەر نامێنێت،
چونکە بە ئاسوودەیی دەخۆن و ڕادەکشێن،
    کەسیش نییە بیانترسێنێت.»

ڕۆما 10:5-13

ڕزگاری بۆ هەمووان

موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی تەوراتە دەنووسێت: [ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت.][a] بەڵام ئەم ڕاستودروستییەی بە باوەڕە ئاوا دەفەرموێ: [لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»][b] (واتە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،) [یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»][c] (واتە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.) بەڵام چی دەفەرموێ؟ [پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،][d] ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین: ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت. 10 لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە. 11 هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.][e] 12 جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، 13 چونکە [هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.][f]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.