Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
125 ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان،
کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە.
2 وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە،
یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
3 چونکە گۆچانی خراپەکاران
لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت،
نەوەک ڕاستودروستان
دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری.
4 ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان،
لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن.
5 بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن،
یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات.
ئاشتی بۆ ئیسرائیل!
16 ئینجا ئەوانەی لە یەزدان دەترسان قسەیان لەگەڵ یەکتری کرد، یەزدانیش گوێی شل کرد و گوێی لێبوو. لەبەردەمیدا لە پێچراوەیەک تۆمار کرا، بۆ ئەوەی ببێتە یادەوەرییەک بۆ ئەوانەی لە یەزدان دەترسن و ڕێز لە ناوەکەی دەگرن.
17 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەوانە دەبنە هی من، لەو ڕۆژە دەبنە گەنجینەیەکی تایبەتی من. بەزەییم پێیاندا دێتەوە وەک چۆن پیاو بەزەیی بە کوڕەکەی دێتەوە کە خزمەتی دەکات. 18 ئینجا دیسان جیاوازی لەنێوان ڕاستودروستان و خراپەکاراندا دەبینن، لەنێوان ئەوانەی بەندایەتی خودا دەکەن و ئەوانەی نایکەن.»
ڕۆژی یەزدان
4 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بێگومان ئەو ڕۆژە دێت کە وەک تەنوور داگیرساوە. جا هەموو لووتبەرزان و هەموو بەدکاران دەبنە پوشوپەڵاش، ئەو ڕۆژەش کە دێت دەیانسووتێنێت. نە ڕەگ و نە لقیان بۆ نامێنێتەوە. 2 ئەی ئەوانەی لە ناوەکەم دەترسن، بەڵام ئێوە خۆری ڕاستودروستیتان لێ هەڵدێت و تیشکەکانی دەبێتە هۆی چاکبوونەوە. جا دێنە دەرەوە و قەڵەمباز دەدەن وەک چۆن جوانەگای قەڵەو لە تەویلە بەڕەڵا دەکرێن. 3 ئینجا لەو ڕۆژەی ئەوە دەکەم، ئێوە خراپەکاران پێشێل دەکەن، دەبنە خۆڵەمێش لەژێر نەعلی پێتان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
4 «تەوراتی موسای بەندەی منتان لە یاد بێت، فەرز و حوکمەکان، کە من لە حۆرێڤ فەرمانم پێی کرد بۆ هەموو ئیسرائیل.
5 «گوێ بگرن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت، من ئەلیاسی پێغەمبەرتان بۆ دەنێرم. 6 دڵی باوکان بۆ منداڵ و دڵی منداڵان بۆ باوک دەگەڕێنێتەوە، نەوەک بێم و خاکەکە بە تەواوی وێران بکەم.»
9 کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. 10 ئەوانیش بابەتەکەیان بۆ خۆیان هێشتەوە و گفتوگۆیان بوو: «هەستانەوە لەنێو مردووان چییە؟»
11 پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»
12 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. ئەی چۆن دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟ 13 بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.