Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
125 ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان،
کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە.
2 وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە،
یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
3 چونکە گۆچانی خراپەکاران
لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت،
نەوەک ڕاستودروستان
دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری.
4 ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان،
لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن.
5 بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن،
یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات.
ئاشتی بۆ ئیسرائیل!
ئەلیاس و عۆبەدیا
18 دوای ماوەیەکی زۆر، لە ساڵی سێیەمی وشکەساڵی فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات: «بڕۆ و خۆت بۆ ئەحاڤ دەربخە، منیش باران بۆ سەر خاکەکە دەبارێنم.» 2 جا ئەلیاس چوو خۆی بۆ ئەحاڤ دەربخات.
قاتوقڕی لە سامیرە پەرەی سەندبوو، 3 ئیتر ئەحاڤ بانگی عۆبەدیای کرد، کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو. عۆبەدیا کەسێکی لەخواترس بوو، 4 کاتێک کە ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی قڕکرد، عۆبەدیا سەد پێغەمبەری برد و شاردنییەوە، هەر پەنجا و لە ئەشکەوتێک و نان و ئاوی بۆ دابین کردن. 5 ئەحاڤ بە عۆبەدیای گوت: «بەناو خاکەکەدا بڕۆ هەموو دۆڵ و کانیاوەکان، بەڵکو گیا پەیدا بکەین و ئەسپ و هێسترەکان بە زیندوویی بهێڵینەوە و بە ناچاری ئاژەڵەکانمان سەرنەبڕین.» 6 ئینجا خاکەکەیان لەنێوانیان دابەش کرد هەتا بەناویدا بڕۆن، ئەحاڤ بە تەنها بە ڕێگایەکدا ڕۆیشت و عۆبەدیاش بە تەنها بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت.
7 کاتێک عۆبەدیا لە ڕێگا بوو، تووشی ئەلیاس بوو، جا ناسییەوە و کڕنۆشی بۆ برد، گوتی: «ئەوە تۆی گەورەم، ئەلیاس؟»
8 ئەویش گوتی: «منم، بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ: ”ئەلیاس لێرەیە.“»
9 عۆبەدیاش گوتی: «گوناهم چییە، هەتا خزمەتکارەکەت بدەیتە دەستی ئەحاڤ بۆ ئەوەی بمکوژێت؟ 10 بە یەزدانی زیندوو، خودای خۆت، گەلێک و پاشایەتییەک نەماوە پاشای گەورەکەم کەسێکی بەدواتدا نەناردبێ. دەیانگوت کە تۆ لەلای ئەوان نیت، جا سوێندی دەدان بۆ ئەوەی لە قسەکەیان دڵنیابێتەوە. 11 تۆش ئێستا دەڵێیت: ”بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە.‘“ 12 کاتێک کە من لەلات دەڕۆم ڕۆحی یەزدان هەڵتدەگرێت بۆ شوێنێک کە من نایزانم، جا کە دەچم و بە ئەحاڤ ڕادەگەیەنم، ئەویش ناتدۆزێتەوە، من دەکوژێت. خۆشت دەزانیت خزمەتکارەکەت لە منداڵییەوە لەخواترسە. 13 ئایا ئەوەی کە کردم بە گەورەم ڕانەگەیەنراوە، کاتێک ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی کوشت، منیش سەد پێغەمبەری یەزدانم شاردەوە، هەر پەنجا و لە ئەشکەوتێک، نان و ئاوم بۆ دابین کردن. 14 ئێستاش تۆ پێم دەڵێیت: ”بڕۆ بە پاشای گەورەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە،‘“ ئەویش دەمکوژێت!»
15 ئەلیاسیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، خودای سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، من ئەمڕۆ خۆم بۆ ئەحاڤ دەردەخەم.»
ئەلیاس لە کێوی کارمەل
16 ئینجا عۆبەدیا چوو بۆ لای ئەحاڤ و پێی ڕاگەیاند، ئەحاڤیش چوو بۆ لای ئەلیاس. 17 کاتێک ئەحاڤ ئەلیاسی بینی، پێی گوت: «ئەوە تۆی، ئەی تێکدەری ئیسرائیل؟»
18 ئەلیاسیش گوتی: «من ئیسرائیلم تێکنەداوە، بەڵکو تۆ و ماڵی باوکت ئەمەتان کردووە، بە وازهێنانتان لە فەرمانەکانی یەزدان و ملکەچبوونتان بۆ بەعلەکان.
چەکی تەواوی خودا
10 لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن. 11 بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن، تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن، 12 چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆکەکان، لە دژی دەسەڵاتداران، لە دژی فەرمانڕەوایانی ئەم تاریکییەی جیهانە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان. 13 بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، بچەسپێن. 14 بە بەستنی پشتێنی ڕاستی بە ناوقەدتان و سپەری[a] ڕاستودروستی بە سنگتانەوە، 15 ئامادەیی لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی ئاشتی[b]، 16 لە سەرووی هەموو ئەوانە قەڵغانی باوەڕ هەڵبگرن، بەمە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان بکوژێننەوە. 17 هەروەها کڵاوی ئاسنینی ڕزگاری لەسەر بکەن و شمشێری ڕۆحی پیرۆز هەڵبگرن کە پەیامی خودایە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.