Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 61:1-4

ساڵی ڕەزامەندی یەزدان

61 ڕۆحی یەزدانی باڵادەست بەهێزم دەکات،
    چونکە یەزدان دەستنیشانی کردووم
    بۆ مژدەدان بە هەژاران.
منی ناردووە بۆ تیمارکردنی دڵشکاوەکان،
    بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ ڕاپێچکراوەکان و
    ئازادکردنی دیلەکان،
بۆ ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندی یەزدان و
    ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی خودامان،
بۆ دڵنەواییکردنی هەموو پرسەدارەکان.
    ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم
تاجێکی جوان لەسەرمە لە جێی قوڕ[a]،
    زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە،
هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان.
    جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی،
    نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.

کەلاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە و
    وێرانکراوەکانی پێشتر هەڵدەستێننەوە.
شارە خاپوورەکان نۆژەن دەکەنەوە
    کە لە چەرخەکانی پێشووەوە وێران کرابوون.

ئیشایا 61:8-11

«چونکە من کە یەزدانم، دادپەروەریم خۆشدەوێت،
    ڕقم لە دزی و بەدکارییە پێکەوە.
بە دڵسۆزییەوە پاداشتی خۆیان دەدەمێ و
    پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم.
توخمیان لەنێو نەتەوەکان دەناسرێن و
    وەچەشیان لەنێو گەلاندا.
هەموو ئەوانەی دەیانبینن دانی پێدا دەنێن
    کە ئەوان گەلێکن یەزدان بەرەکەتداری کردوون.»

10 بە شادی دڵشاد دەبم بە یەزدان،
    گیانم بە خودای خۆم شادمان دەبێت،
چونکە بەرگی ڕزگاری لەبەرکردم،
    کەوای ڕاستودروستی بەسەر شانمدا دا،
وەک زاوایەک کە سەری خۆی لەسەر شێوەی کاهین بڕازێنێتەوە
    یان بووکێک بە خشڵ خۆی جوان بکات.
11 چونکە وەک زەوی کە چەکەرەی ڕووەکی خۆی دەردەخات و
    وەک باخچە کە چێنراوەکانی دەڕوێنێت،
ئاواش یەزدانی باڵادەست ڕاستودروستی و ستایش
    لەبەردەم هەموو نەتەوەکان دەڕوێنێت.

زەبوورەکان 126

گۆرانی گەشتیاران.

126 کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە،
    وامان لێهات وەک خەون ببینین.
ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و
    زمانمان پڕ هەلهەلە بوو،
ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان:
    «یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد،
    شادمان بووین.

ئەی یەزدان، خۆشحاڵیمان بگەڕێنەوە،
    وەک جۆگەکانی نەقەب[a].
ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن،
    بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و
    تۆو بۆ چاندن بار دەکات،
بە هەلهەلەوە دێتەوە و
    بەرهەمەکەی بە مەلو بار دەکات.

لۆقا 1:46-55

ستایشی مریەم

46 مریەمیش گوتی:

«گیانم ستایشی یەزدان دەکات،
47     ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،
48 چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد.
ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن،
49     چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا،
    پیرۆزە ناوی ئەو.
50 بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن،
    نەوە دوای نەوە.
51 بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا،
    ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە.
52 تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و
    بێفیزەکانی بڵند کردەوە.
53 برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد،
    دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.
54 بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی
    هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە
55 لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی،
    هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»

یەکەم سالۆنیکی 5:16-24

16 هەمیشە دڵشاد بن، 17 بەردەوام نوێژ بکەن، 18 لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.

19 ڕۆحی پیرۆز مەکوژێننەوە، 20 پەیامی ئەوانە بە سووک مەزانن کە دەڵێن پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، 21 بەڵام هەموو شتێک تاقی بکەنەوە، چی باشە دەستی پێوە بگرن، 22 لە هەموو جۆرە خراپەیەک دوور بکەونەوە.

سڵاوی کۆتایی

23 خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی گەورەماندا بێ گلەیی بپارێزن. 24 ئەو خودایەی بانگتان دەکات دڵسۆزە و ئەنجامی دەدات.

یۆحەنا 1:6-8

مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو. ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات.

یۆحەنا 1:19-28

شایەتیدانی یەحیا

19 ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین[a] و لێڤییان[b] ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» 20 ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە[c] نیم.»

21 ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.»

«ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی[d]؟» گوتی: «نەخێر.»

22 ئینجا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟»

23 یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی:

«[من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات:
    ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“[e]

24 نێردراوانیش لە فەریسییەکان بوون، 25 پرسیاریان لێکرد: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت[f]؟»

26 یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن، 27 ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.»

28 ئەمانە لە بێت‌عەنیا[g] ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.