Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
27 یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە،
لە کێ بترسم؟
یەزدان قەڵای ژیانی منە،
لە کێ بتۆقم؟
2 کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە
بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن،
کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن،
ساتمە دەکەن و دەکەون.
3 ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات،
دڵم ناترسێت.
ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم،
ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.
4 داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم،
ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم:
کە هەموو ڕۆژانی ژیانم
لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم،
هەتا تەماشای جوانی یەزدان بکەم و
لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
5 چونکە لە ڕۆژی بەڵا،
لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە،
بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت.
بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.
6 ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم،
لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم،
سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
7 ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە،
لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.
8 سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!»
ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.
9 ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە،
تۆ یارمەتیدەری من بوویت.
ئەی خودای ڕزگارکەرم،
ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.
10 تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن،
یەزدان دەمگرێتە خۆی.
11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە،
لەبەر دوژمنەکانم.
12 بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە،
چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە،
هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.
13 من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە،
کە لە خاکی زیندووان
چاکەی یەزدان دەبینم.
14 چاوەڕێی یەزدان بە،
خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە،
چاوەڕێی یەزدان بە.
ناپاکی یەهودا
10 ئایا هەموومان یەک باوکمان نییە؟ ئایا یەک خودا بەدیی نەهێناوین؟ ئیتر بۆچی بە ناپاکی لەگەڵ یەکتری پەیمانی باوباپیرانمان دەشکێنین؟
11 یەهودا ناپاکی کرد. شتێکی قێزەون لە ئیسرائیل و لە ئۆرشەلیم ئەنجام درا: ژنیان هێنا لەو ژنانەی کە خوداوەندێکی بێگانە دەپەرستن، بەم شێوەیە یەهودا پەرستگای یەزدانی گڵاوکرد، ئەوەی خۆشی دەویست. 12 هەرکەسێک کە ئەمە دەکات با یەزدانی سوپاسالار هیچ نەوەیەکی لە چادرەکانی یاقوب بۆ نەهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر قوربانیش پێشکەش بە یەزدان بکات.
13 شتێکی دیکە کە دەیکەن: بە فرمێسک قوربانگای یەزدان دادەپۆشن، بە گریان و هاوار، چونکە وەک جاران قوربانی ئێوە جێی ڕەزامەندی یەزدان نییە و بە پەسەند لە دەستتان وەرناگرێت. 14 ئێوە لێم دەپرسن: «لەبەر چی؟» لەبەر ئەوەی یەزدان شایەتە لەنێوان تۆ و ژنەکەی تەمەنی گەنجیت، کە ناپاکیت لەگەڵی کرد، هەرچەندە ئەو هاوسەرتە و ئەو ژنەیە کە پەیمانی هاوسەرگیریت لەگەڵی هەیە.
15 ئایا خودا نەیکردنە یەک؟ ئێوە بە جەستە و بە ڕۆح هی خودان. ئیتر خودا داوای چی دەکات؟ نەوەی لەخواترستان هەبێت. لەبەر ئەوە بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی لە ژنی تەمەنی گەنجیەتیتان مەکەن.
16 یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: «ڕقم لە تەڵاقە، هەروەها ڕقم لەوەیە کە توندوتیژی لە دژی ژنەکەی دەکات.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ئینجا بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی مەکەن.
ڕۆژی حوکمدان
17 بە قسەکانتان یەزدانتان ماندوو کرد.
ئێوە دەپرسن: «بە چی ماندوومان کرد؟»
بەوەی کە گوتتان: «ئەوەی خراپە بکات، لەبەرچاوی یەزدان چاکە، ئەو بەوان دڵخۆشە،» یان «خودای دادپەروەری لەکوێیە؟»
3 «من نێردراوی خۆم دەنێرم، ئەوەی ڕێگاکەی پێشم بۆ ئامادە دەکات. لەناکاو ئەو پەروەردگارەی کە ئێوە داوای دەکەن، دێتە ناو پەرستگاکەی؛ بێگومان نێردراوەکەی پەیمانیش دێت کە دڵتان پێی خۆشە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
لەدایکبوونی یەحیا
5 لەو سەردەمەی هێرۆدسی باوک پاشای یەهودیا بوو، کاهینێک[a] لە نۆرەی نەوەی ئەبیا[b] هەبوو ناوی زەکەریا، ئەلیساباتی ژنیشی لە نەوەی هارون بوو. 6 هەردووکیان لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست بوون، بێ گلەیی بوون لە پەیڕەوکردنی هەموو ڕاسپاردە و حوکمەکانی[c] یەزدان. 7 بەڵام منداڵیان نەدەبوو، چونکە ئەلیسابات نەزۆک بوو، هەردووکیشیان بە ساڵدا چووبوون.
8 کاتێک زەکەریا لە نۆرەی کۆمەڵەکەی خۆیدا کاروباری کاهینیێتی جێبەجێ دەکرد لەبەردەم خودا، 9 بەگوێرەی نەریتی کاهینیێتی[d]، تیروپشکی کەوتە سەر تاکو بچێتە ناو پەرستگای یەزدان و بخوور بسووتێنێت. 10 لە کاتی سووتانی بخوورەکەدا، خەڵکی هەموو لە دەرەوە نوێژیان دەکرد.
11 لەوێ فریشتەیەکی یەزدانی بۆ دەرکەوت، لەلای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوەستابوو. 12 کاتێک زەکەریا فریشتەکەی بینی، پەشۆکا و ترسی لێ نیشت. 13 بەڵام فریشتەکە پێی گوت: «زەکەریا مەترسە، چونکە پاڕانەوەکەت بیسترا، ئەلیساباتی ژنیشت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی لێ دەنێیت یەحیا[e]. 14 ئەو دەبێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ تۆ، زۆر کەس بە لەدایکبوونی دڵخۆش دەبن، 15 چونکە ئەو لەبەرچاوی یەزدان دەبێتە کەسێکی مەزن و پایەبەرز. هەرگیز شەراب و مەی ناخواتەوە. لە سکی دایکییەوە پڕدەبێت لە ڕۆحی پیرۆز و 16 زۆر لە ڕۆڵەکانی ئیسرائیل بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان دەگەڕێنێتەوە. 17 بە ڕۆح و توانای ئەلیاسەوە پێش یەزدان دەکەوێت[f]، تاکو دڵی باوکان بۆ لای منداڵەکان ڕابکێشێت و یاخیبووانیش بۆ لای دانایی ڕاستودروستان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ یەزدان پێکبهێنێت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.