Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
حەسانەوە بۆ گەلی خودا
40 دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن،
خوداتان دەفەرموێت،
2 بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن،
پێی ڕابگەیەنن
کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە،
کە تاوانەکەی بەخشراوە،
چونکە بە دەستی یەزدان
لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە.
3 کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت:
«لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن.
4 هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و
هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت.
خوار ڕاست دەبێتەوە،
هەورازیش دەبێت بە دەشت،
5 شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و
هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن،
چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.»
6 دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!»
منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟»
«هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
7 گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری،
بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
8 گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.»
9 ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن،
بڕۆ سەر کێوێکی بەرز،
بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە،
بەرزی بکەرەوە، مەترسە.
ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم،
بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ:
«ئەوەتا خوداتان!»
10 ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت،
بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات.
ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و
خەڵاتەکەی لەبەردەمی.
11 وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت:
بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و
بە باوەش هەڵیاندەگرێت،
بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
85 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
2 لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.[a]
8 ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم،
چونکە باسی ئاشتی دەکات بۆ گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی،
بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
9 بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن[a].
11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
ڕێگای بۆ خۆش دەکات.
8 بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە. 9 یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو هەموو بۆ تۆبەکردن بێن.
10 بەڵام هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە، تێیدا بە دەنگێکی بەرز ئاسمان نامێنێت، بە سووتان توخمەکان لەناودەچن، زەوی و ئەو کارانەی تێیدایە نامێنێت.
11 کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین، 12 چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە. 13 بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، ڕاستودروستیش تێیدا نیشتەجێیە.
14 خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە. 15 بزانن کە پشوودرێژی پەروەردگارمان هەلێکە بۆ ڕزگاری، وەک پۆڵسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی خودا پێیداوە بۆی نووسین،
دەرکەوتنی یەحیای کوڕی زەکەریا
1 سەرەتای مزگێنی عیسای مەسیحی کوڕی خودا.
2 لە پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە:
[من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات،][a]
3 [کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»][b]
4 یەحیا هات، لە چۆڵەوانیدا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا و جاڕی لەئاوهەڵکێشانی[c] تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. 5 خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو ئۆرشەلیم دەهاتنە لای یەحیا، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لە ڕووباری ئوردون لەلایەن ئەوەوە لە ئاو هەڵدەکێشران. 6 جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، کوللە و هەنگوینی کێوی دەخوارد. 7 ئەمە پەیامەکەی ئەو بوو: «لەدوای من کەسێک دێت کە زۆر لە من بەهێزترە کە تەنانەت شایانی ئەوە نیم دابنەوێمەوە و قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە. 8 من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت[d].»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.