Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
85 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
2 لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.[a]
8 ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم،
چونکە باسی ئاشتی دەکات بۆ گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی،
بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
9 بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن[a].
11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
ڕێگای بۆ خۆش دەکات.
24 «”لەنێو نەتەوەکان دەتانبەم و لە هەموو خاکەکانەوە کۆتان دەکەمەوە و دەتانهێنمەوە خاکەکەتان. 25 ئاوێکی پاکتان بەسەردا دەپرژێنم و لە هەموو گڵاوییەکانتان پاک دەبنەوە، لە هەموو بتەکانتان پاکتان دەکەمەوە، 26 دڵێکی نوێتان دەدەمێ و ڕۆحێکی نوێ دەخەمە ناوتانەوە، ئەو دڵە بەردینەتان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینتان دەدەمێ. 27 ڕۆحی خۆم دەخەمە ناوتانەوە، واتان لێ دەکەم کە ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بەجێبهێنن و کاریان پێ بکەن. 28 لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە بە باوباپیرانتانم دابوو، دەبن بە گەلی من، منیش دەبمە خودای ئێوە.
دەسەڵاتی عیسا
27 دیسان هاتنەوە ئۆرشەلیم، عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا پیاسەی دەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیران هاتنە لای و 28 لێیان پرسی: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم شتانە بکەیت؟»
29 عیسا پێی فەرموون: «پرسیارێکتان لێ دەکەم، وەڵامم بدەنەوە، منیش پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم: 30 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!»
31 لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن، گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 32 بەڵام ئەگەر بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو“…» لە خەڵک دەترسان، چونکە یەحیا لەلای هەمووان بەڕاستی بە پێغەمبەر دادەنرا.
33 ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.