Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
85 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
2 لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.[a]
8 ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم،
چونکە باسی ئاشتی دەکات بۆ گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی،
بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
9 بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن[a].
11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
ڕێگای بۆ خۆش دەکات.
بانگکردنی یەرمیا
4 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
5 «پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی،
پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت،
تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.»
6 بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.»
7 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت. 8 لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9 ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە. 10 ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.»
کڵێسای ئەنتاکیا
19 ئینجا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر ستیفانۆسدا هات پەرشوبڵاو بوونەوە، پەڕینەوە بۆ فینیکیا و قوبرس و ئەنتاکیا، باسی پەیامی خودایان بۆ کەس نەدەکرد، بۆ جولەکە نەبێت. 20 بەڵام هەندێکیان خەڵکی قوبرس و کورێن[a] بوون، کاتێک هاتنە ئەنتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و مزگێنیی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا. 21 یەزدان پشتگیری کردن، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ عیسای خاوەن شکۆ گەڕانەوە.
22 ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرناباسیان بۆ ئەنتاکیا نارد. 23 کاتێک گەیشت و نیعمەتی خودای بینی، دڵشاد بوو، هەمووانی هاندا بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بمێننەوە، 24 چونکە پیاوچاک بوو، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و باوەڕ. خەڵکێکی زۆریش هاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ.
25 ئەوسا چوو بۆ تەرسۆس تاکو بەدوای شاولدا بگەڕێت، 26 کاتێک دۆزییەوە بۆ ئەنتاکیای هێنا. ئیتر ساڵێکی تەواو لە کڵێسا کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆریان فێرکرد. یەکەم جاریش لە ئەنتاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا مەسیحی[b].
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.