Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی ئاساف.
79 ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ،
پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە،
ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
2 تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان
کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و
گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
3 لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن،
کەس نەبوو بیاننێژێت.
4 بووین بە پەندی دراوسێکانمان،
بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.
5 ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟
هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
6 تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن،
بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە.
7 چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە،
نیشتیمانیان خاپوور کردووە.
8 گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە،
با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت،
چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
9 ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە،
لەبەر شکۆی ناوی خۆت.
دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە،
لە پێناوی ناوی خۆت.
10 بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
«کوا خوداکەیان؟»
با هەموو نەتەوەکان بزانن کە تۆ لەبەرچاوی هەموومان
تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خزمەتکارەکانی خۆت دەکەیتەوە.
11 با ناڵە و هاواری دیلەکانت پێ بگات،
بە گەورەیی بازووی خۆت بیانهێڵەوە
ئەوانەی سزای مردنیان بەسەردا دراوە.
12 ئەی پەروەردگار، حەوت ئەوەندەی ئەو سووکایەتییەی
دراوسێکانمان پێیان کردی،
لە باوەشیان سووکایەتییان پێ بکە.
13 ئینجا ئێمەی گەلی تۆ، مەڕی لەوەڕگای تۆ،
هەتاهەتایە ستایشت دەکەین،
نەوە بە نەوە باسی ستایشی تۆ دەکەین.
بەڵێنی فەرمانڕەوایەک لە بێتلەحمەوە
5 ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە،
چونکە گەمارۆ دراوین.
بە گۆچان لە ڕوومەتی
ڕابەری ئیسرائیل دەدەن.
2 «بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی ئەفراتە،
هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی[a] یەهودا بچووکیت،
بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت
ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە،
لە ئەزەلەوەیە.»
3 لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات
هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت،
پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە
بۆ لای نەوەی ئیسرائیل.
4 جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات
بە هێزی یەزدان،
بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی.
جا بە ئاسوودەیی دەژین،
چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.
5 ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە،
کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و
پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان.
حەوت شوانی لەسەر دادەنێین،
لەگەڵ هەشت میر.
بەخەبەر بن و وریابن
34 «ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات، 35 چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون. 36 کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.»
37 عیسا بە ڕۆژ لە پەرستگا خەریکی فێرکردن بوو، شەوانیشی لەو کێوە بەسەردەبرد کە پێی دەگوترا زەیتوون. 38 هەموو خەڵک لە بەرەبەیان دەهاتنە پەرستگا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.