Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
64 خۆزگە ئاسمانت شەق دەکرد و دەهاتیتە خوارەوە،
چیاکان لەبەردەمت دەلەرزین!
2 وەک ئەوەی ئاگر گڕ بەردەداتە پوشوپەڵاش و
ئاگر وا دەکات ئاو بکوڵێت،
وەرە خوارەوە، با دوژمنانت ناوت بزانن،
با نەتەوەکان لەبەردەمتدا بلەرزن.
3 کاتێک ترسناکەکانت دروستکرد چاوەڕێمان نەکرد،
دابەزیت و چیاکان لەبەردەمتدا لەرزین.
4 لە کۆنەوە نە گوێیان لێ بووە و
نە بیستوویانە،
هیچ چاوێک خودایەکی جگە لە تۆ نەبینیوە،
ئەوە بکات بۆ ئەو کەسەی چاوەڕێی دەکات.
5 تۆ دێیت بۆ یارمەتی ئەوانەی بە دڵخۆشییەوە کاری ڕاستودروستی دەکەن،
ئەوانەی بیر لە ڕێگاکانت دەکەنەوە هەتا پەیڕەوی بکەن.
بەڵام کاتێک ئێمە بە بەردەوامی گوناهمان لە دژی ئەوان کرد،
تۆ تووڕە بوویت.
ئیتر چۆن ڕزگار دەبین؟
6 هەموو وەک شتی گڵاومان لێ هات،
هەموو کاری ڕاستودروستیمان وەک پەڕۆی پیسی مانگانەی ئافرەت بوو.
هەموو وەک گەڵا سیس بووین،
تاوانەکانمان وەک با هەڵماندەگرێت.
7 کەس نییە بە ناوی تۆوە نزا بکات
یان وریابێت بۆ ئەوەی خۆی بە تۆوە بگرێت،
چونکە ڕووی خۆتت لێمان شاردەوە و
بە دەست تاوانەکانمان ئێمەت تواندەوە.
8 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ باوکی ئێمەیت،
ئێمە قوڕین و تۆ گۆزەکەری ئێمەیت و
ئێمە هەموو دەستکردی تۆین.
9 ئەی یەزدان، تەواو تووڕە مەبە و
هەتا کۆتایی تاوانمان بەبیر خۆت مەهێنەرەوە،
تکایە، تەماشامان بکە!
ئێمە هەموو گەلی تۆین.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.
80 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a]، بدرەوشێوە
2 لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.
3 ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
4 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
5 تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
6 دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.
7 ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.
19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
3 با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
4 سەبارەت بە ئێوە هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم، بۆ ئەو نیعمەتەی خودا کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێتان دراوە. 5 بەهۆی ئەوەوە لە هەموو بوارێکەوە دەوڵەمەند بوون، لە هەموو وتە و زانینێک. 6 خودا بەو شێوەیە شایەتی ئێمە بۆ مەسیح لە ئێوەدا دەچەسپێنێت. 7 بۆیە لە هیچ بەهرەیەک کەموکوڕیتان نییە، هەروەها بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی گەورەمان بن. 8 ئەوەی هەتا کۆتایی دەتانچەسپێنێت، تاکو لە ڕۆژی عیسای مەسیحی گەورەماندا بێ گلەیی بن. 9 خودا بەوەفایە، ئەوەی بانگی کردن بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کوڕەکەی، عیسای مەسیحی گەورەمان.
هاتنەوەی عیسا
24 «بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە،
«[خۆر تاریک دەبێت و
مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
25 ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
تەنی ئاسمانی دەهەژێن.][a]
26 «ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.[b] 27 ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە[c] کۆدەکاتەوە، لەم پەڕی زەوییەوە هەتا ئەو پەڕی ئاسمان.
28 «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن، کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 29 ئێوەش، کاتێک دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. 30 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 31 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
کەس ئەو کاتە نازانێت
32 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە، باوک نەبێت. 33 کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت. 34 وەک پیاوێک گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی، هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.
35 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە، ئێوارە یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی. 36 نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون. 37 جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.