Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 80:1-7

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.

80 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
    ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a]، بدرەوشێوە
    لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
    بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.

ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
    هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
    فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
    ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.

ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

زەبوورەکان 80:17-19

17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
    لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
    بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.

19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

زەکەریا 14:1-9

یەزدان دێت و حوکم دەدات

14 ئەی ئۆرشەلیم، ڕۆژی یەزدان دێت، سامانەکەت تاڵان دەکرێت و لەناوەڕاستی خۆتدا دابەش دەکرێت.

هەموو نەتەوەکان لەسەر ئۆرشەلیم کۆدەکەمەوە بۆ ئەوەی لە دژی بجەنگن. شارەکە داگیر دەکرێت، ماڵەکان تاڵان دەکرێن، ئافرەت لاقە دەکرێن. نیوەی شارەکە ڕاپێچ دەکرێن، بەڵام پاشماوەی خەڵکەکە لە شارەکە ڕاپێچ ناکرێن.

ئینجا یەزدان دێتە دەرەوە و لەگەڵ ئەو نەتەوانە دەجەنگێت، هەروەک ڕۆژی جەنگ شەڕ دەکات. لەو ڕۆژەدا پێیەکانی لەسەر کێوی زەیتوون دەوەستن، ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم، ئینجا کێوی زەیتوون لە ناوەڕاستەوە شەق دەبێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، دەبێتە دۆڵێکی زۆر گەورە، نیوەی چیاکە دەگوازرێتەوە باکوور و نیوەکەی دیکەشی باشوور. ئێوە بە ناو دۆڵی چیاکەی مندا هەڵدێن، چونکە هەتا ئاچێل درێژ دەبێتەوە. ئێوە هەڵدێن، هەروەک ئەوەی لە بوومەلەرزەکەی سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا هەڵاتن. ئینجا یەزدانی پەروەردگارم دێت، هەموو پیرۆزەکانیشی لەگەڵە.

لەو ڕۆژەدا ڕووناکی و سەرما و شەختەبەندان نابێت. ڕۆژێکی بێ وێنە دەبێت، جیاوازی نییە لەنێوان شەو و ڕۆژ، کاتێک ئێوارە دادێت ڕووناکی هەیە، ئەو ڕۆژە تەنها لەلای یەزدان زانراوە.

لەو ڕۆژەدا ئاوی زیندوو لە ئۆرشەلیمەوە هەڵدەقوڵێت، نیوەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ دەریای مردوو و نیوەشی ڕووەو ڕۆژئاوا بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، لە هاوین و لە زستان بەردەوام دەبێت.

یەزدانیش دەبێتە پاشای هەموو زەوی. لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان دەبێت و تەنها ناوی ئەویش دەبێت.

یەکەم سالۆنیکی 4

ژیانێک بۆ ڕازیکردنی خودا

لە کۆتاییدا خوشکان، برایان، ئێمە فێرمان کردوون کە دەبێت چۆن بژین تاکو خودا ڕازی بکەن، وەک ئاواش دەژین، ئیتر داواتان لێ دەکەین و لێتان دەپاڕێینەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە تاکو زیاتر خۆتان تەرخان بکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕاسپاردانە چی بوون کە بە دەسەڵاتی عیسای باڵادەست پێماندان.

خواستی خودا ئەوەیە کە پیرۆزکراو بن، واز لە داوێنپیسی بهێنن. هەروەها خودا دەیەوێ کە هەریەکەتان فێری ئەوە بێت کە چۆن جەستەی خۆی پاک و پیرۆز بپارێزێت، نەک بە ئارەزووی هەوەسبازی وەک ئەو نەتەوانەی خودا ناناسن. لەم بارەوە کەس بۆ مەرامی خۆی سوود لە برا و خوشکەکەی وەرنەگرێت، هەروەها خراپەیان بەرامبەر مەکەن، چونکە یەزدان تۆڵەی هەموو ئەمانە دەکاتەوە، وەک پێشتر پێمان گوتوون و ئاگادارمان کردوونەتەوە. خودا بانگی نەکردووین بۆ گڵاوی، بەڵکو بانگی کردین تاکو بە پاک و پیرۆزی بژین. کەواتە ئەوەی ئەم فێرکردنە ڕەت بکاتەوە، مرۆڤ ڕەت ناکاتەوە بەڵکو خودا، ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی پێدان.

دەربارەی خۆشەویستی برایانە، پێویست ناکات بۆتان بنووسم، چونکە خۆتان لە خوداوە فێربوون یەکتریتان خۆشبوێ. 10 لەڕاستیدا، هەموو خوشک و برایان لە تەواوی مەکدۆنیاتان خۆشدەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەی خوشک و برایان، تکاتان لێ دەکەین کە زیاتر و زیاتر بەم شێوەیە بن.

11 با ئامانجی ئێوە بەڕێکردنی ژیانێکی ئارام و هێمن بێت. سەرتان لە کاری خۆتاندا بێت و بە دەستی خۆتان کار بکەن، وەک ڕامانسپاردوون، 12 تاکو بە لێوەشاوەیی بژین لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە و پێویستیتان بە کەس نەبێت.

هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ

13 خوشکان، برایان، نامانەوێت سەبارەت بە نوستووان[a] نەزان بن، تاکو وەک ئەوانەی دیکە خەمبار نەبن کە هیوایان نییە. 14 لەبەر ئەوەی باوەڕمان بەوە هەیە کە عیسا مرد و هەستایەوە، بە هەمان شێوە باوەڕیشمان بەوە هەیە کە خودا ئەو باوەڕدارانە بۆ لای خۆی دەبات کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا نوستوون. 15 ئێمەش بەگوێرەی فێرکردنی مەسیح ئەمەتان پێ ڕادەگەیەنین، ئێمەی زیندوو کە ماوین هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ، پێش نوستووان ناکەوین، 16 چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ خۆی بە دەنگی بەرز فەرمان دەدات، بە دەنگی سەرۆکی فریشتەکان و بە کەڕەنای خودا، لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و یەکەم جار ئەو مردووانە هەڵدەستنەوە کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک. 17 ئینجا ئێمەی زیندوو کە ماوین، هەموومان لەگەڵیان لە هەوردا دەڕفێنرێین بۆ پێشوازی مەسیحی خاوەن شکۆ لە ئاسماندا، ئیتر هەمیشە لەگەڵ ئەو دەبین. 18 بۆیە بەم قسانە یەکتری هانبدەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.