Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 83:1-4

گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.

83 ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،
    کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
    ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
    پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
    لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»

زەبوورەکان 83:9-10

هەروەک چیت لە میدیان[a] کرد ئاوایان لێ بکە،
    هەروەک چیت لە سیسرا[b] و یاڤین[c]کرد لە ڕووباری قیشۆن[d]،
10 کە لە کانی دۆر[e] فەوتان،
    بوون بە زبڵ بۆ زەوی.

زەبوورەکان 83:17-18

17 هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانم،
    ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
18 با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،
    لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!

ئەستێر 7

لە سێدارەدانی هامان

ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن. لە ڕۆژەی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە، دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد: «ئەی شاژن، بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»

شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر لێم ڕازی بیت، پاشا پێی خۆش بێت، ژیانم ڕزگار بکە. ئەوە بابەتەکەمە. نەتەوەکەم ڕزگار بکە. ئەمە داواکارییەکەمە، چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین. ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد، چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.»

ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی: «ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟ چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟»

ئەستێر گوتی: «ئەوە ناحەزەکەمانە، دوژمنمانە، هامانی خراپەکار!»

هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی. پاشا بە تووڕەییەوە دەستی لە شەراب خواردنەوەکە هەڵگرت و ڕووەو باخچەکەی کۆشک ڕۆیشت. هامانیش ڕاوەستا و بۆ ڕزگاربوونی ژیانی خۆی لە شاژنە ئەستێر پاڕایەوە، چونکە زانی کە پاشا بڕیاری داوە لە سێدارەی بدات.

لەو کاتەی پاشا لە باخچەی کۆشکەوە گەڕایەوە هۆڵی خوانەکە، هامان خۆی بەسەر ئەو سەکۆیەدا دابوو کە ئەستێر لەسەری دادەنیشت.

پاشا گوتی: «ئایا لاساری بەرامبەر بە شاژنیش دەکات، لەنێو ماڵەکەم و لەگەڵیشمدایە؟»

هەر کە فەرمانەکە لە دەمی پاشا دەرچوو، دەم و چاوی هامانیان داپۆشی. ئینجا حەرڤۆنا، یەکێک لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد گوتی: «لە ماڵی هامان سێدارەیەک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە[a]، بۆ مۆردەخای دروستی کردووە کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.»

پاشا گوتی: «لەسەری هەڵیبواسن!» 10 بەو شێوەیە هامانیان لەسەر ئەو سێدارەیە هەڵواسی کە بۆ مۆردەخای ئامادەی کردبوو. پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە.

مەتا 24:45-51

نموونەی کۆیلەی دڵسۆز

45 «کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارانی دیکە تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ 46 خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات. 47 ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. 48 بەڵام ئەگەر ئەو کۆیلەیە خراپ بێت و لە دڵی خۆیدا بڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ 49 ئینجا دەست بکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان بخوات و بخواتەوە. 50 ئەوسا گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت. 51 ئینجا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.