Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
هۆنراوەیەکی ئاساف.
78 ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم،
گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
2 بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن دەردەبڕم.
3 ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە،
ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
4 ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە،
بەڵکو بە نەوەی داهاتوو،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین،
هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
5 لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی[a] دامەزراند،
لەناو ئیسرائیل تەورات،
کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد
کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
6 بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت،
ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن،
ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
7 ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت،
کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ،
بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن.
8 بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن،
نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق،
نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا،
ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو.
9 ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو،
لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە.
10 پەیمانی خودایان شکاند،
بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە.
11 کردارەکانی خودایان لەبیر کرد،
ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون.
12 لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد،
لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن[b].
13 دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە،
وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت.
14 بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن،
بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر.
15 لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان،
ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت.
16 جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند،
وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە.
17 بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی،
لە یاخیبوون لە دژی هەرەبەرز لە بیابان.
18 لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە
بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو.
19 لە دژی خودا دوان، گوتیان:
«ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟
20 ئەوەتا لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا،
جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا!
ئایا دەتوانێت نانیش بدات و
گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟»
21 کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو،
ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب،
هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل،
22 چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و
پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست.
23 جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی،
دەرگای ئاسمانی کردەوە،
24 مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و
دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان.
25 مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد،
ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون.
26 لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد،
بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد.
27 وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند،
وەک لمی دەریاکان پەلەوەڕی باڵدار.
28 باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان،
لە دەوروبەری چادرەکانیان.
29 خواردیان و زۆر تیر بوون،
ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان.
30 بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن،
هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو،
31 تووڕەیی خودا لێیان هەستا،
هەرە بەهێزەکانی کوشتن و
باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست.
32 لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە،
بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد.
33 بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن،
بە تۆقاندن ساڵانیان.
34 ئەگەر بیانکوژێت بەدوای دەکەون،
بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای.
35 بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە،
خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە[c].
36 بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن،
بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن.
37 دڵیان لەلای ناچەسپێت،
دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی.
38 ئەویش بەزەییدارە و
لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت.
زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە،
هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت.
39 بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن،
بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە.
40 چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون،
لە بیابان دڵتەنگیان کرد.
41 جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە،
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان ئەزیەت دا.
42 دەستی ئەویان لەبیرچوو،
ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە.
43 ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا،
لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد.
44 ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن،
بۆ ئەوەی نەخۆنەوە.
45 مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان،
بۆقی نارد بۆگەنیان کردن.
46 بەروبوومی ئەوانی دا بە سن،
بەری ماندووبوونیان بە کوللە.
47 بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و
بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن.
48 گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و
ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە.
49 گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا،
بە فریشتەی لەناوبەر ناردی.
50 ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد،
مردنی لێ نەگێڕانەوە،
ژیانیانی تووشی دەرد کرد.
51 لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا،
یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام[d].
52 ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا،
وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن.
53 بەبێ ترس بەرەو ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن،
بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین.
54 بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز،
ئەو چیایەی بە دەستی ڕاستەی بەدەستیهێنا.
55 نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن،
میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن،
هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.
56 بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون،
یاساکەیان شکاند.
57 هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد،
وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک.
58 بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد،
بە بتەکانیان ئیرەیی[e] ئەویان جۆشاند.
59 خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو،
بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
60 چادری پەرستنی شیلۆی[f] بەجێهێشت،
ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو.
61 سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست،
هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی.
62 گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر،
لە میراتەکەی تووڕە بوو.
63 گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین،
کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا.
64 کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن،
بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا.
65 ئەوسا پەروەردگار وەک خەوتووێک هەستا،
وەک پاڵەوانێک لە سەرخۆشی بەهۆش بێتەوە.
66 لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە،
کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی.
67 خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە،
هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد،
68 بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد،
کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت.
69 وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا،
وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی.
70 داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و
لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا.
71 لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای،
بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی،
ئیسرائیلی میراتگری خۆی.
72 ئەویش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن،
بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن.
31 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
پەیمانێکی نوێ[a] لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و
بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
32 نەک وەکو ئەو پەیمانەی
لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم،
ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت
بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،
چونکە ئەوان پەیمانەکەی منیان شکاند،
هەرچەندە من مێردی[b] ئەوان بووم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
33 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە
لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،
فێرکردنەکەم دەخەمە ناو بیرکردنەوەیان و
لەسەر دڵیان دەینووسم.
من دەبم بە خودای ئەوان و
ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
34 لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی
یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت: ”یەزدان بناسە،“
چونکە هەموویان دەمناسن،
لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم،
چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
هاتنەوەی عیسا
29 «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە،
«[خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
تەنی ئاسمانی دەهەژێن.][a]
30 «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە دێت.[b] 31 فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە ئەوانە کۆدەکەنەوە کە هەڵبژێردراون، لەم سەری ئاسمانەوە تاکو ئەوسەری.
لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن
32 «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 33 بە هەمان شێوە، ئێوەش کە هەموو ئەم شتانەتان بینی، بزانن نزیکە و لە بەردەرگایە. 34 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 35 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.