Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 78

هۆنراوەیەکی ئاساف.

78 ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم،
    گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
    مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن دەردەبڕم.
ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە،
    ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە،
    بەڵکو بە نەوەی داهاتوو،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین،
    هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی[a] دامەزراند،
    لەناو ئیسرائیل تەورات،
کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد
    کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت،
    ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن،
    ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت،
    کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ،
    بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن.
بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن،
    نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق،
نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا،
    ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو.

ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو،
    لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە.
10 پەیمانی خودایان شکاند،
    بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە.
11 کردارەکانی خودایان لەبیر کرد،
    ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون.
12 لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد،
    لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن[b].
13 دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە،
    وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت.
14 بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن،
    بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر.
15 لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان،
    ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت.
16 جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند،
    وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە.

17 بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی،
    لە یاخیبوون لە دژی هەرەبەرز لە بیابان.
18 لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە
    بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو.
19 لە دژی خودا دوان، گوتیان:
    «ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟
20 ئەوەتا لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا،
    جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا!
ئایا دەتوانێت نانیش بدات و
    گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟»
21 کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو،
    ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب،
    هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل،
22 چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و
    پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست.
23 جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی،
    دەرگای ئاسمانی کردەوە،
24 مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و
    دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان.
25 مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد،
    ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون.
26 لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد،
    بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد.
27 وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند،
    وەک لمی دەریاکان پەلەوەڕی باڵدار.
28 باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان،
    لە دەوروبەری چادرەکانیان.
29 خواردیان و زۆر تیر بوون،
    ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان.
30 بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن،
    هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو،
31 تووڕەیی خودا لێیان هەستا،
    هەرە بەهێزەکانی کوشتن و
    باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست.

32 لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە،
    بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد.
33 بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن،
    بە تۆقاندن ساڵانیان.
34 ئەگەر بیانکوژێت بەدوای دەکەون،
    بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای.
35 بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە،
    خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە[c].
36 بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن،
    بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن.
37 دڵیان لەلای ناچەسپێت،
    دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی.
38 ئەویش بەزەییدارە و
    لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت.
زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە،
    هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت.
39 بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن،
    بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە.

40 چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون،
    لە بیابان دڵتەنگیان کرد.
41 جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە،
    خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان ئەزیەت دا.
42 دەستی ئەویان لەبیرچوو،
    ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە.
43 ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا،
    لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد.
44 ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن،
    بۆ ئەوەی نەخۆنەوە.
45 مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان،
    بۆقی نارد بۆگەنیان کردن.
46 بەروبوومی ئەوانی دا بە سن،
    بەری ماندووبوونیان بە کوللە.
47 بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و
    بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن.
48 گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و
    ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە.
49 گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا،
    بە فریشتەی لەناوبەر ناردی.
50 ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد،
    مردنی لێ نەگێڕانەوە،
    ژیانیانی تووشی دەرد کرد.
51 لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا،
    یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام[d].
52 ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا،
    وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن.
53 بەبێ ترس بەرەو ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن،
    بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین.
54 بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز،
    ئەو چیایەی بە دەستی ڕاستەی بەدەستیهێنا.
55 نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن،
    میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن،
    هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.

56 بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون،
    یاساکەیان شکاند.
57 هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد،
    وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک.
58 بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد،
    بە بتەکانیان ئیرەیی[e] ئەویان جۆشاند.
59 خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو،
    بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
60 چادری پەرستنی شیلۆی[f] بەجێهێشت،
    ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو.
61 سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست،
    هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی.
62 گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر،
    لە میراتەکەی تووڕە بوو.
63 گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین،
    کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا.
64 کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن،
    بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا.

65 ئەوسا پەروەردگار وەک خەوتووێک هەستا،
    وەک پاڵەوانێک لە سەرخۆشی بەهۆش بێتەوە.
66 لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە،
    کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی.
67 خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە،
    هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد،
68 بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد،
    کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت.
69 وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا،
    وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی.
70 داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و
    لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا.
71 لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای،
    بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی،
    ئیسرائیلی میراتگری خۆی.
72 ئەویش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن،
    بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن.

یەشوع 24:25-33

25 ئینجا یەشوع لەو ڕۆژەدا پەیمانێکی لەگەڵ گەلدا بەست و لە شەخەمدا فەرز و یاسای بۆ دانان. 26 یەشوع ئەم وشانەی لە پەڕتووکی تەوراتی خودا نووسی و بەردێکی گەورەی هێنا و لەژێر دار بەڕووەکەدا لەلای پیرۆزگاکەی یەزدانەوە چەقاندی.

27 یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «سەیر بکەن! ئەم بەردە دەبێتە شایەت بەسەرمانەوە، چونکە گوێی لە هەموو وشەکانی یەزدان بوو کە پێی فەرمووین، جا دەبێتە شایەت بەسەرتانەوە نەوەک نکۆڵی لە خودای خۆتان بکەن.»

28 ئینجا یەشوع گەلی ڕەوانە کردەوە، هەرکەسە و بەرەو میراتەکەی خۆی.

ناشتنی یەشوع

29 پاش ئەم شتانە یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدان لە تەمەنی سەد و دە ساڵی مرد. 30 لە سنووری میراتەکەی خۆی لە تیمنەت سەرەح کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.

31 نەوەی ئیسرائیلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و ئەزموونیان لە هەموو ئەو کارانە هەبوو کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.

32 ئێسکەکانی یوسفیش کە نەوەی ئیسرائیل لە میسرەوە هێنایانەوە، لە شەخەمدا ناشتیان لەناو ئەو پارچە کێڵگەیەی کە یاقوب لە نەوەی حەمۆری باوکی شەخەم بە سەد پارچە زیو کڕیبووی و بوو بە میرات بۆ نەوەی یوسف.

33 ئینجا ئەلعازاری کوڕی هارون مرد و لە گیڤعا ناشتیان، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو کە درابووە فینەحاسی کوڕی.

یەکەم کۆرنسۆس 14:20-25

20 خوشکان، برایان، لە بیرکردنەوەدا منداڵ مەبن. لە خراپەدا وەک منداڵ بێبەری بن، بەڵکو لە بیرکردنەوەدا پێگەیشتوو بن. 21 لە تەوراتدا نووسراوە: «یەزدان دەفەرموێ،

«[بە زمانی بێگانەکان و بە لێوی نامۆکان
    قسە بۆ ئەم گەلە دەکەم،
    لەگەڵ ئەوەش گوێم لێ ناگرن.][a]»

22 کەواتە زمانەکان نیشانەن، نەک بۆ باوەڕداران، بەڵکو بۆ بێباوەڕان، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بۆ بێباوەڕان نییە، بەڵکو بۆ باوەڕدارانە. 23 بۆیە ئەگەر کڵێسا هەموو بەیەکەوە کۆبوونەوە و هەموو بە زمانەکان بدوێن، هەر نەزانێک یان بێباوەڕێک بێتە ژوورەوە، ئایا ناڵێت کە ئێوە وڕێنە دەکەن؟ 24 بەڵام ئەگەر هەموو پەیامی خودا ڕابگەیەنن و یەکێکی بێباوەڕ یاخود نەزان بێتە ژوورەوە، لەبەردەم هەمووان ویژدانی تاوانباری دەکات، لەلایەن هەمووانەوە حوکم دەدرێت، 25 نهێنییەکانی دڵی ئاشکرا دەبێت، کڕنۆش دەبات و خودا دەپەرستێت، ڕایدەگەیەنێت: «بەڕاستی خودا لەنێوتاندایە!»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.