Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
هۆنراوەیەکی ئاساف.
78 ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم،
گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
2 بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن دەردەبڕم.
3 ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە،
ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
4 ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە،
بەڵکو بە نەوەی داهاتوو،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین،
هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
5 لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی[a] دامەزراند،
لەناو ئیسرائیل تەورات،
کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد
کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
6 بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت،
ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن،
ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
7 ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت،
کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ،
بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن.
تازەکردنەوەی پەیمانەکە لە کێوی عێبال
30 ئینجا یەشوع قوربانگایەکی بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە کێوی عێبال بنیاد نا. 31 هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کردبوو، بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، قوربانگایەک لە بەردی نەتاشراو، کە ئامێری ئاسنی بەسەردا بەرز نەکرابووەوە، قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخستە سەری و قوربانی هاوبەشییان[a] سەربڕی. 32 لەوێ یەشوع لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل وێنەیەکی لەو فێرکردنە نووسییەوە کە موسا نووسیبووی. 33 هەموو ئیسرائیلیش نامۆ و هاوڵاتی وەک یەک، لەگەڵ پیر و کوێخا و دادوەریان لەتەنیشت سندوقەکەوە، لەم لا و ئەو لاوە بەرامبەر بە کاهینە لێڤییەکان هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان وەستان، نیوەیان بەلای کێوی گەریزیم و نیوەکەی دیکەیان بەلای کێوی عێبال، وەک چۆن لەوەو پێش موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو، کاتێک فەرمانی دا بۆ داواکردنی بەرەکەت بۆ گەلی ئیسرائیل.
34 پاشان هەموو وشەکانی ئەو فێرکردنەی خوێندەوە، بەرەکەت و نەفرەت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتدا نووسرابوو. 35 وشەیەک نەبوو لە هەموو ئەو شتانەی کە موسا فەرمانی پێ کردبوو، کە یەشوع نەیخوێنێتەوە، لەبەردەم هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا بە ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لەنێویاندا بوو.
13 پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا و دەنگێک لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هاتە گوێم، 14 کە بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو: «چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە.» 15 چوار فریشتەکەی ئامادە کرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە، ئازاد کران، تاکو سێیەکی مرۆڤ بکوژن. 16 گوێم لێبوو ژمارەی سەربازە سوارەکان دوو سەد ملیۆن بوو.
17 ئەو ئەسپ و سوارانەی کە لە بینینەکەدا بۆم ئاشکرا کران بەم شێوەیە بوون: سپەری ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هەبوو، سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر وابوون و لە دەمیانەوە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد دەردەچوو. 18 بەو سێ بەڵایە سێیەکی مرۆڤایەتی کوژران، بە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد کە لە دەمیانەوە دەردەچوو. 19 هێزی ئەسپەکان لە دەم و کلکیانە بوو، چونکە کلکیان وەک مار سەری هەبوو خەڵکیان پێ ئازار دەدا.
20 پاشماوەی مرۆڤەکان کە بەو بەڵایانە نەکوژران، تۆبەیان لە کردەی دەستی خۆیان نەکرد. بەردەوام بوون لە کڕنۆشبردن بۆ ڕۆحی پیس و ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و بڕۆنز و بەرد و دار دروستکرابوون، کە ناتوانن ببیستن و ببینن و بڕۆن. 21 هەروەها لە کوشتن و فاڵچیێتی و داوێنپیسی و دزیکردن تۆبەیان نەکرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.