Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
128 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان بترسێت،
ڕێگای ئەو بگرێتەبەر.
2 کە بەری ڕەنجی دەستی خۆت دەخۆیت،
خۆزگەت پێ دەخوازرێت و چاکیشە بۆت.
3 ژنەکەت وەک دار مێوێکی بەردار دەبێت لەناو ماڵەکەت،
کوڕەکانت وەک شەتڵە زەیتوون دەبن لە دەوری خوانەکەت.
4 ئەو کەسەی لە یەزدان بترسێت
ئاوا بەرەکەتدار دەبێت.
5 یەزدان لە سییۆن بەرەکەتدارت بکات،
چاکەی ئۆرشەلیم ببینیت
هەموو ڕۆژانی ژیانت و
6 منداڵی منداڵەکانت ببینیت!
ئاشتی بۆ ئیسرائیل!
12 لەو ڕۆژەدا کە یەزدان ئەمورییەکانی دایە دەست نەوەی ئیسرائیل، یەشوع لەگەڵ یەزداندا دوا، لەبەرچاوی ئیسرائیلدا گوتی:
«ئەی خۆر بەسەر گبعۆنەوە ڕابوەستە و
ئەی مانگ بەسەر دۆڵی ئەیالۆنەوە.
13 جا خۆر ڕاوەستا و
مانگیش وەستا
هەتا گەل تۆڵەیان لە دوژمنەکانیان سەندەوە.»
ئایا ئەمە لە پەڕتووکی یاشاردا[a] نەنووسراوە؟
جا خۆر لەناو جەرگەی ئاسماندا ڕاوەستا و بۆ ماوەی یەک ڕۆژی تەواو لە ئاوابوون پەلەی نەکرد. 14 وەک ئەو ڕۆژە قەت نەبووە، نە لەپێشی و نە لەپاشی کە یەزدان ئاوا گوێ لە دەنگی کەسێک بگرێت، چونکە یەزدان بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل دەجەنگا!
سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا
15 ئینجا فەریسی و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە لای عیسا و گوتیان: 2 «بۆچی قوتابییەکانت نەریتی پیران دەشکێنن؟ پێش نانخواردن دەستیان ناشۆن!»
3 ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەی بۆچی ئێوە لەبەر نەریتی خۆتان سەرپێچی لە ڕاسپاردەی خودا دەکەن؟ 4 چونکە خودا فەرموویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][a]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][b] 5 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی گوت: ’ئەوەی بەنیاز بووم بیدەمە ئێوە بۆ خودام تەرخان کردووە،‘ 6 ئەو ئەرکەی ناخەنە سەر کە ڕێزی دایک و باوکی بگرێت.“ جا لەبەر نەریتی خۆتان دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. 7 ئەی دووڕووان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە و دەڵێت:
8 «[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت،
بەڵام دڵی لێم دوورە.
9 بەخۆڕایی دەمپەرستن،
تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.]»[c]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.