Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
7 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «لەم ڕۆژەوە لەبەرچاوی هەموو نەوەی ئیسرائیل دەستپێدەکەم پایەبەرزت بکەم، بۆ ئەوەی بزانن چۆن لەگەڵ موسادا بووم ئاواش لەگەڵ تۆدا دەبم. 8 بەڵام تۆ فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک دەگەنە کەنار ئاوی ڕووباری ئوردون، لەناو ڕووباری ئوردوندا بوەستن.“»
9 هەروەها یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە و گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگارتان بگرن.» 10 ئینجا یەشوع گوتی: «بەمە دەزانن کە خودای زیندوو لەنێوتاندایە و کەنعانییەکان و حیتییەکان و حیڤییەکان و پریزییەکان و گرگاشییەکان و ئەمورییەکان و یەبوسییەکان لەبەردەمتاندا بە دەرکردن دەردەکات. 11 ئەوەتا سندوقی پەیمانی یەزدانی هەموو زەوی لەپێشتانەوە بۆ ناو ڕووباری ئوردون دەپەڕێتەوە. 12 ئێستاش دوازدە پیاو لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان هەڵبژێرن، لە هەر هۆزە و پیاوێک. 13 ئینجا کاتێک پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی یەزدان، یەزدانی هەموو زەوی، لەناو ئاوی ڕووباری ئوردون جێگیر دەبێت، ئاوی ڕووباری ئوردون، ئەو ئاوەی کە لە سەرەوە دێت شەق دەبێت و لە یەک بەربەستدا پەنگدەخواتەوە.»[a]
14 جا کاتێک گەل لە چادرەکانیانەوە کۆچیان کرد، تاکو لە ڕووباری ئوردون بپەڕنەوە، کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانیش لەپێشیانەوە بوون. 15 بە درێژایی ڕۆژانی دروێنە ڕووباری ئوردونیش دەبووە لافاو، بەڵام لە کاتی هاتنی هەڵگرانی سندوقەکە بۆ ناو ڕووباری ئوردون و نوقومبوونی پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقەکە لەناو ئاوی کەنارەکە، 16 ئەو ئاوەی لە سەرەوە دەهاتە خوارەوە لە ڕۆیشتن وەستا. لە دوورییەکی زۆرەوە لە شارۆچکەی ئادام لە بەربەستێک پەنگی خواردەوە، ئەو شارۆچکەیەی کە لەتەنیشت چەرەتانە، هەروەها ئەو ئاوەی کە دەڕژایە ناو دەریای عەراڤا واتە دەریای مردوو[b] بە تەواوی بڕا و گەل بەرەو ئەریحا پەڕینەوە. 17 کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان لەسەر وشکانی لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردون بە جێگیری وەستان و هەموو ئیسرائیلیش بەسەر وشکانیدا پەڕینەوە، هەتا هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە.
کۆکراوەی بەشی پێنجەم
زەبوورەکانی 107–150
107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
3 لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.
4 هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
5 برسی و تینوو بوون،
گیانیان داهێزرا.
6 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
7 ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
33 ڕووباری کردە بیابان و
سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،
34 خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک،
لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.
35 بیابانی کردە گۆمە ئاو و
زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.
36 برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد،
شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.
37 کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند،
دەغڵیان بە بەروبووم بوو.
9 خوشکان و برایان، دڵنیام ڕەنج و ماندووبوونی ئێمەتان لە یادە، شەو و ڕۆژ کارمان دەکرد، تاکو بەسەر کەستانەوە نەبینە بار، کاتێک مزگێنی خودامان بۆ ڕاگەیاندن.
10 ئێوە و خوداش شایەتن کە لەنێو ئێوەی باوەڕداردا چۆن بە پیرۆزی و ڕاستودروستی و بێ گلەیی ڕەفتارمان کردووە. 11 هەروەک دەزانن کە ئێمە لەگەڵ هەریەک لە ئێوە وەکو باوکێک هەڵسوکەوتمان کرد، وەک چۆن باوکێک لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات، 12 هانمان دەدان و ورەمان بەرز دەکردنەوە و لێتان دەپاڕاینەوە، بە شێوەیەک بژین شایانی خودا بێت، ئەوەی بۆ شانشین و شکۆی خۆی بانگتان دەکات.
13 لەبەر ئەمە بێ بڕانەوە سوپاسی خودا دەکەین، چونکە پەیامی خوداتان وەک پەیامی مرۆڤ لە ئێمە وەرنەگرت، بەڵکو وەک بەڕاستی وشەی خودا بێت، لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە، ئەوەی لەناو ئێوەی باوەڕداریشدا کار دەکات.
هەمووتان برای یەکترین
23 پاشان عیسا بە خەڵکەکە و قوتابییەکانی خۆی 2 فەرموو: «مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لەسەر کورسی موسا دانیشتن. 3 لەبەر ئەوە ڕێک هەموو ئەوانە جێبەجێ بکەن کە پێتان دەڵێن، بەڵام بە کرداری ئەوان مەکەن، چونکە ئەوان دەڵێن و نایکەن. 4 باری قورس کە هەڵناگیرێت، دەیپێچنەوە و دەیخەنە سەر شانی خەڵکی، بەڵام خۆیان نایانەوێت بە پەنجەش بیجوڵێنن.
5 «هەموو کردارەکانیان بۆ ئەوەیە خەڵکی بیانبینن، بە پانکردنی نوشتەکانیان و گەورەکردنی گوڵینگەکانیان[a]. 6 حەز دەکەن لە میوانداری لەلای سەرەوە و لە کەنیشتەکانیش ڕیزی پێشەوە، 7 لە بازاڕیشدا سڵاویان لێ بکرێت و خەڵک بە ”ڕابی[b]“ بانگیان بکەن.
8 «بەڵام با ئێوە بە ”ڕابی“ بانگ نەکرێن، چونکە تەنها یەک مامۆستاتان هەیە و ئێوەش هەموو بران. 9 کەسیش لەسەر زەوی بە ”باوک“ بانگ مەکەن، چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانە. 10 بە ”مامۆستا“ بانگ نەکرێن، چونکە یەک مامۆستاتان هەیە، ئەویش مەسیحە. 11 ئەوەی لەنێوتان پایەبەرزترە، دەبێتە خزمەتکارتان. 12 ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.