Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی پێنجەم
زەبوورەکانی 107–150
107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
3 لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.
4 هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
5 برسی و تینوو بوون،
گیانیان داهێزرا.
6 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
7 ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
33 ڕووباری کردە بیابان و
سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،
34 خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک،
لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.
35 بیابانی کردە گۆمە ئاو و
زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.
36 برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد،
شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.
37 کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند،
دەغڵیان بە بەروبووم بوو.
15 ئینجا ڕاحاب هەردووکیانی لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە بە گوریس شۆڕکردەوە، چونکە ماڵەکەی کە تێیدا دەژیا لە شوورای شارەکە بوو. 16 هەروەها پێی گوتن: «بڕۆن بۆ چیا نەوەک ئەوانەی بە شوێنتاندا دەگەڕێن تووشتان بن، لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ خۆتان بشارنەوە، هەتا ئەوان دەگەڕێنەوە، ئینجا بە ڕێگای خۆتاندا بڕۆن.»
17 پیاوەکانیش پێیان گوت: «ئێمە بێتاوان دەبین لەو سوێندەی کە بۆ تۆمان خوارد 18 ئەگەر هاتوو لە کاتی هاتنمان بۆ ناو خاکەکە، ئەم گوریسە سوورە بەو پەنجەرەیەوە گرێ نەدەیت کە ئێمەت لێوەی شۆڕکردەوە و ئەگەر دایک و باوک و خوشک و براکانت و سەرجەم ئەندامانی ماڵی باوکت لە ماڵەکەی خۆتدا کۆنەکەیتەوە. 19 ئەگەر هەرکەسێک لە دەرگاکانی ماڵەکەی تۆوە بچێتە دەرەوە خوێنی خۆی لەسەر خۆی دەبێت و ئێمە بێتاوان دەبین، بەڵام هەر یەکێک لەگەڵ تۆ لە ماڵەکەتدا بێت، ئەگەر دەستدرێژییەکی کرایە سەر ئەوا خوێنی لەسەر ئێمە دەبێت. 20 هەروەها ئەگەر ئەم کارەی ئێمە بدرکێنیت، ئێمە بێتاوان دەبین لەو سوێندەی کە بۆ تۆمان خوارد.»
21 ڕاحابیش گوتی: «چۆنتان گوت، ئاوا دەبێت.» ئیتر بەڕێی کردن و ڕۆیشتن، ئەویش گوریسە سوورەکەی بە پەنجەرەکەوە گرێ دا.
22 پیاوەکان ڕۆیشتن و چوونە چیا و ماوەی سێ ڕۆژ لەوێ مانەوە، هەتا پیاوانی پاشا گەڕانەوە، پیاوانی پاشاش لە هەموو ڕێگاکان بەدوایاندا گەڕان، بەڵام نەیاندۆزینەوە. 23 ئینجا دوو پیاوەکە گەڕانەوە، لە چیاکە هاتنە خوارەوە و لە ڕووبارەکە پەڕینەوە، هاتنە لای یەشوعی کوڕی نون و هەموو بەسەرهاتەکەیان بۆ گێڕایەوە، 24 بە یەشوعیان گوت: «بەڕاستی یەزدان هەموو خاکەکەی داوەتە دەستمانەوە و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکەش بەهۆی ئێمەوە ڕەنگیان سپی بووە.»
دووڕوویی فەریسییەکان
13 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە شانشینی ئاسمان لەڕووی خەڵک دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ژوورەوە و نە دەهێڵن ئەوانەی کە دەیانەوێ، بچنە ژوورەوە.
14 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ماڵی بێوەژن[a] هەڵدەلووشن، بۆ دەرخستنیش نوێژ درێژ دەکەنەوە، لەبەر ئەوە سزاتان گەورەترە.
15 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە جولەکە، کە بووە جولەکە، ئەوسا دوو ئەوەندەی خۆتان دەیکەنە کوڕی دۆزەخ.
16 «قوڕبەسەرتان ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە پەرستگا بخوات، هیچ نییە. بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگا بخوات، ئەوا پابەندە.“ 17 ئەی گێل و کوێرینە، کامیان گرنگترە، زێڕەکە یان پەرستگا کە زێڕەکە پیرۆز دەکات؟ 18 هەروەها ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە قوربانگا بخوات، هیچ نییە، بەڵام ئەوەی سوێند بە قوربانییەکەی سەری بخوات، ئەوا پابەندە.“ 19 ئەی کوێرینە کامیان گرنگترە، قوربانی یان قوربانگا کە قوربانییەکە پیرۆز دەکات؟ 20 بۆیە ئەوەی سوێند بە قوربانگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە هەموو ئەوەش کە لەسەریەتی. 21 ئەوەی سوێند بە پەرستگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە ئەوەش کە تێیدا نیشتەجێیە. 22 ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە.
23 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەیەکی پونگ و شویت[b] و ڕازیانە دەدەن و گرنگترینی تەوراتتان پشتگوێ خستووە. دادپەروەری و بەزەیی و دڵسۆزی، پێویست بوو ئەمانە بکەن و ئەوانەش پشتگوێ نەخەن. 24 ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە لەبەر مێشوولە شلەمەنی دەپاڵێون، بەڵام وشتر قووتدەدەن!
25 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناوەکەی پڕە لە چڵێسی و بەڕەڵایی. 26 ئەی فەریسی کوێر، یەکەم جار ناو جام پاک بکەرەوە، تاکو دەرەوەشی پاک بێتەوە.
27 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە ئێوە لە گۆڕی سپیکراو دەچن، کە بە ڕواڵەت جوان دیارە، بەڵام ناوەوەی پڕە لە ئێسقانی مردووان و هەموو پیسییەک. 28 ئێوەش ئاوان، بە ڕواڵەت لەلای خەڵک ڕاستودروستن، بەڵام ناوەوەتان پڕە لە دووڕوویی و سەرپێچی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.