Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 107:1-7

کۆکراوەی بەشی پێنجەم

زەبوورەکانی 107‏–150

107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
    ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
    لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.

هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
    ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
برسی و تینوو بوون،
    گیانیان داهێزرا.
ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
    بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.

زەبوورەکان 107:33-37

33 ڕووباری کردە بیابان و
    سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،
34 خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک،
    لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.
35 بیابانی کردە گۆمە ئاو و
    زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.
36 برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد،
    شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.
37 کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند،
    دەغڵیان بە بەروبووم بوو.

یەشوع 1:1-11

فەرمانی یەزدان بۆ یەشوع

ئەوە بوو پاش مردنی موسای بەندەی یەزدان، یەزدان بە یەشوعی کوڕی نونی خزمەتکاری موسای فەرموو: «موسای بەندەم مرد، ئێستا هەستە، خۆت و هەموو ئەم گەلە لە ڕووباری ئوردونەوە بپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی پێیان دەدەم، واتە بە نەوەی ئیسرائیل. هەر شوێنێک پێی لێ بنێن، بە ئێوەی دەدەم، هەروەک بە موسام فەرموو، لە چۆڵەوانییەوە و لەم لوبنانەوە هەتا ڕووباری گەورە، ڕووباری فورات، هەموو خاکی حیتییەکان و هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[a] بەرەو ڕۆژئاوا دەبێت بە سنوورتان. لە هەموو ڕۆژانی ژیانت کەس بەرەو ڕووت ناوەستێت. هەروەک لەگەڵ موسادا بووم، لەگەڵ تۆش دەبم و فەرامۆشت ناکەم و بەجێت ناهێڵم.

«بەهێزبە و ئازابە، چونکە ئەو خاکە بۆ ئەم گەلە دەکەیت بە میرات کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خواردووە کە پێیانی بدەم. تەنها بەهێزبە و زۆر ئازابە، بۆ ئەوەی هۆشیار بیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو فێرکردنەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوویت. نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ لێی لامەدە، بۆ ئەوەی بۆ هەرکوێیەک بچیت سەرکەوتوو بیت. پەڕتووکی ئەم فێرکردنە لە دەمت جیا نەبێتەوە، بەڵکو بە شەو و بە ڕۆژ لێی وردبەرەوە، بۆ ئەوەی وریابیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو شتانەی تێیدا نووسراوە، ئەو کاتە ژیانت ڕاستەڕێ دەبێت و سەردەکەویت. ئایا من فەرمانم بە تۆ نەکرد؟ جا بەهێزبە و ئازابە، مەتۆقە و ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتە بۆ هەرکوێ بچیت.»

10 ئیتر یەشوع فەرمانی بە کوێخاکانی گەل کرد و پێی گوتن: 11 «بەناو ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و فەرمان بە گەل بکەن و بڵێن: ”ئازووقە بۆ خۆتان ئامادە بکەن، چونکە پاش سێ ڕۆژی دیکە لە ڕووباری ئوردونەوە دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا ببنە خاوەنی.“»

ڕۆما 2:17-29

جولەکە و تەورات

17 بەڵام تۆ، ئەگەر بە جولەکە ناو دەبردرێیت و پشت بە شەریعەتی تەورات دەبەستیت و شانازی بە خوداوە دەکەیت؛ 18 ئەگەر خواستی ئەو دەزانیت، چی باشترینە پەسەندی دەکەیت، چونکە لە تەورات فێربوویت؛ 19 ئەگەر لە خۆت دڵنیایت کە ڕێبەری کوێرەکانیت و ڕووناکییت بۆ ئەوانەی لە تاریکیدان، 20 فێرکاری نەزانان و مامۆستای منداڵانی، چونکە لە تەوراتدا وێنەی زانین و ڕاستیت هەیە، 21 جا تۆ کە خەڵکی دیکە فێر دەکەیت، ئایا خۆت فێر ناکەیت؟ تۆ کە ڕایدەگەیەنێت کە کەس دزی نەکات، ئایا خۆت دزی ناکەیت؟ 22 تۆ کە دەڵێی داوێنپیسی نەکرێت، ئایا خۆت داوێنپیسی ناکەیت؟ تۆ کە ڕقت لە بت دەبێتەوە، ئایا پەرستگاکان تاڵان ناکەیت؟ 23 کە شانازی بە شەریعەتی تەوراتەوە دەکەیت، ئایا بە سەرپێچیکردنی شەریعەت سووکایەتی بە خودا ناکەیت؟ 24 وەک نووسراوە: [لەبەر ئێوە لەناو نەتەوەکاندا کفر بە ناوی خودا دەکرێت.][a]

25 خەتەنەکردن سوودی دەبێت ئەگەر شەریعەت پەیڕەو بکەیت، بەڵام ئەگەر سەرپێچی شەریعەت بکەیت، ئەوا وەکو ئەوەیە کە هەر خەتەنە نەکرابیت. 26 بۆیە ئەگەر خەتەنە نەکراو کار بە داواکارییە دروستەکانی شەریعەت بکات، ئایا خەتەنە نەکردنەکەی بە خەتەنەکردن دانانرێت؟ 27 ئیتر ئەوەی بە سروشت خەتەنە نەکراوە، بەڵام شەریعەت جێبەجێ دەکات، حوکم بەسەر تۆدا دەدات کە شەریعەتی نووسراو و خەتەنەکردنت هەیە، هەرچەندە تۆ سەرپێچی شەریعەت دەکەیت.

28 ئەگەر کەسێک تەنها بە ڕواڵەت جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکە نییە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها جەستەیی بێت، ئەوا لە ڕاستیدا خەتەنەکردن نییە. 29 بەڵام ئەوەی لە ناخەوە جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکەیە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها بەگوێرەی شەریعەتی نووسراو ئەنجام بدرێت، ئەوا خەتەنەکردن نییە، بەڵکو خەتەنەکردنی دڵی کە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوەیە، خەتەنەکردنی ڕاستەقینەیە. ئەوەی ستایشی لەلای خەڵک نییە، بەڵکو لەلای خودایە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.