Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 34

مردنی موسا

34 ئینجا موسا لە دەشتەکانی مۆئابەوە بۆ چیای نەبۆ سەرکەوت بۆ سەری پسگە، کە بەرامبەر ئەریحایە، جا یەزدان هەموو خاکەکەی پیشان دا، لە گلعادەوە هەتا دان و هەموو نەفتالی و خاکی ئەفرایم و مەنەشە و هەموو خاکی یەهودا هەتا دەریای ڕۆژئاوا و نەقەب و هەموو ناوچەکە، لە دۆڵی ئەریحاوە «شاری دار خورما» هەتا زۆعەر، یەزدان پێی فەرموو: «ئەوە ئەو خاکەیە کە سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ وا بە چاوەکانی خۆت پێم پیشان دایت، بەڵام تۆ بۆ ئەوێ ناپەڕیتەوە.»

جا موسای بەندەی یەزدان لەوێ مرد، لە خاکی مۆئاب بەگوێرەی فەرمانی یەزدان. یەزدان لە خاکی مۆئاب لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ناشتی، هەتا ئەمڕۆش کەس گۆڕەکەی پێ نازانێت. موسا تەمەنی سەد و بیست ساڵان بوو کاتێک مرد، هێشتا چاوەکانی کز نەببوون و هێزی لەبەر نەبڕابوو. جا نەوەی ئیسرائیل لە دەشتەکانی مۆئاب سی ڕۆژ ماتەمیان بۆ گێڕا، ئینجا ڕۆژانی گریان و شیوەنی موسا تەواو بوو.

یەشوعی کوڕی نونیش پڕ بوو لە ڕۆحی دانایی، چونکە موسا دەستی لەسەر دانابوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل گوێیان لێ گرت و ئاوایان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.

10 جا هیچ پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل پەیدا نەبوو وەک موسا کە یەزدانی ڕوو بە ڕوو ناسی، 11 لە هەموو ئەو نیشانە و پەرجووانەی یەزدان ناردی هەتا لە خاکی میسر بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی بکات. 12 هەرگیز کەس ئەو توانا مەزنەی پیشان نەداوە و ئەو کارە سامناکانەی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل نەکردووە کە موسا کردی.

زەبوورەکان 90:1-6

کۆکراوەی بەشی چوارەم

زەبوورەکانی 90‏–106

نوێژێکی موسای پیاوی خودا.

90 ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە
    تۆ پەناگامان بوویت.
بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن،
    یان زەوی و جیهان دروستببن،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.

تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز،
    دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
چونکە لەلای تۆ، هەزار ساڵ
    وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە،
    وەک بەشێکی شەو وایە.
مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت،
    وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە،
    بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.

زەبوورەکان 90:13-17

13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەی دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟
    لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە،
    هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین،
    ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە،
    شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.

17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت،
    کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە،
    بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.

یەکەم سالۆنیکی 2:1-8

خزمەتکردنی پۆڵس

ئەی خوشکان و برایان، خۆتان دەزانن هاتنمان بۆ لاتان بێ سوود نەبوو، بەڵکو وەک دەزانن پێشتر لە فیلیپی ئازارمان چێژت و سووکایەتیمان پێ کرا، بەڵام بە پشتیوانی خودا سەرەڕای دژایەتییەکی زۆر، ئازایانە باسی مزگێنی خودامان بۆ کردن. مەبەستی ئێمە لە هاندانتان چەواشەکردن و بەڕەڵایی و خەڵەتاندن نییە، بەڵکو هەروەک چۆن لەلایەن خوداوە پەسەند کرابین کە متمانەی مزگێنیمان بدرێتێ، بە هەمان شێوە دەدوێین، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک نییە، بەڵکو ڕەزامەندی خودا، کە دڵمان تاقی دەکاتەوە. خودا شایەتە، نە زمانلووسیتان بۆ دەکەین و نە لەبەر چاوچنۆکییە، وەک دەزانن، چاوەڕوانی ستایش و پێداهەڵدانی خەڵک نەبووین، نە لە ئێوە و نە لە کەسانی دیکەش.

وەک نێردراوانی مەسیح دەمانتوانی بارگرانی بین لەسەرتان، بەڵام نەرمونیان بووین لەگەڵتاندا، وەک دایکێک شیر بداتە منداڵەکانی. بە ڕادەیەک ئێوەمان خۆشویست کە ئامادەبووین نەک تەنها مزگێنی خودا بەڵکو خۆشمان لەگەڵتاندا بەش بکەین، چونکە ئێوە لەلای ئێمە زۆر ئازیز بوون.

مەتا 22:34-46

گەورەترین ڕاسپاردە

34 بەڵام فەریسییەکان بیستیان کە عیسا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆبوونەوە. 35 یەکێکیان تەوراتناس بوو، پرسیاری لێکرد تاکو تاقی بکاتەوە:

36 «مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردەی تەورات چییە؟» 37 عیسا پێی فەرموو: «[بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.][a] 38 ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە. 39 دووەمیشیان وەک ئەو وایە: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][b] 40 جا هەموو تەورات و پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن.»

مەسیح و داود

41 کاتێک فەریسییەکان کۆببوونەوە، عیسا لێی پرسین: 42 «دەربارەی مەسیح چی دەڵێن، کوڕی کێیە؟»

وەڵامیان دایەوە: «کوڕی داودە.»

43 ئەویش پێی فەرموون: «کەواتە، چۆن داود بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“؟ چونکە دەڵێ:

44 «[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
    ”لە دەستەڕاستم دابنیشە
    هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“][c]

45 بۆیە ئەگەر داود پێی بڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»

46 جا کەسیان نەیانتوانی بە وشەیەکیش وەڵامی بدەنەوە، لەو ڕۆژەشەوە ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.